کچێکی کوردی 16 ساڵ لە میترۆی تاران تەندروستی تێکچووە و سێ رۆژە بێ هۆشە

03-10-2023
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

تەندروستیی کچێکی کوردی 16 ساڵان لە میترۆی تاران تێکچوو و، بێهۆشە. رێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤ دەڵێت، لەلایەن هێزەکانی تایبەت بە ناچارکردنی ژنان بۆ پابەندبوون بە باڵاپۆشییەوە لێی دراوە و میدیای ئێران لە زاری دایک و باوکییەوە رەتی دەکەنەوە لێی درابێت.
 
لە رۆژی یەکشەممە، 01-03-2023ـەوە کچێکی تەمەن 16 ساڵانی کورد بە ناوی ئارمیتا گەڕاوەند لە تاران لەهۆش خۆی چووە و تاوەکو ئێستا بە هۆش نەهاتووەتەوە. تەندروستیی ئەو کچە کوردە لە میترۆی تاران تێکچووە. 
 
مەسعود دروستی، بەڕێوەبەری گشتیی میترۆی تاران دەڵێت، کاژێر 7ی بەیانیی یەکشەممە لەنێو کابینەیەکی هێڵی چواری میترۆدا تەندروستیی ئەو کچە تێکچووە و لەلایەن دوو لە هاوڕێکانی و سەرنشینێکی دیکەی میترۆ بردراوەتە دەرەوە. دواتر تیمەکانی فریاکەوتن گەیشتوون و گەیاندوویانەتە نەخۆشخانە. 
 
بەڕێوەبەری میترۆی تاران دەڵێت، تەندروستیی ئەو کچە بەهۆی دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن تێکچووە و هیچ چەشنە گرژی و دەمەقاڵێیەک لەگەڵ ئەو کچەدا رووینەداوە، بەڵام رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە رێکخراوەکە گەیشتووە، هێزەکانی ئێران بە بیانووی پابەند نەبوون بە باڵاپۆشی لە وێستگەی شوهەدای میترۆی تاران لە ئارمیتا گەڕاوەندیان داوە و بەو هۆیەوە لەهۆش خۆی چووە.
 
هەر ئەمڕۆ ئاژانسی فەرمیی حکومەتی ئێران راپۆرتێکی لەبارەی تێکچوونی تەندروستیی ئەو کچە بڵاوکردەوە. لە راپۆرتەکەدا دایک و باوکی قسە دەکەن و دەڵێن، پێیان گوتراوە کچەکەیان بەهۆی دابەزینی پاڵەپەستۆی خوێن کەوتووەتە سەر زەوی و سەری بەر شتێک کەوتووە و بەو هۆیەوە لەهۆش خۆی چووە.
 
بە گوتەی دایک و باوکی، ئارمیتا گەڕاوەند بێهۆشە و لە نەخۆشخانە خەوێندراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە