رووداو دیجیتاڵ
ماوەی کارکردنی ریپۆرتەر و لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران درێژکرایەوە.
لە کۆتایی 58ـەمین خولی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی 03-04-2025 بە 24 دەنگی بەڵێ لە بەرامبەر 8 دەنگی نەخێر، ماوەی کارکردنی ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێری دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران و هەروەها لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لەبارەی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2022 (دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی) بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە درێژ کردەوە.
تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کورد لە ژنێڤ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێران هەوڵیداوە دەنگ بە نوێکردنەوەی ماوەی کارکردنی ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لیژنەی دەرخستنی راستییەکان نەدرێت و لەو بارەوە نوێنەرانی ئێران قسەیان لەگەڵ نوێنەری بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ کردووە.
ئەلیاسی هەروەها دەڵێت، بۆ کورد و نەتەوەکانی دیکە گرنگە کە ریپۆرتەری نەتەوە یەکگرتووەکان و هەروەها لیژنەی دەرخستنی راستییەکان لە کارەکانیان بەردەوام بن، بەهۆی ئەوەی دەتوانن لە راپۆرتەکانیاندا گرنگی بە سەرکوت و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بدەن.
ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1984 تاوەکو 2011 و لە 2022 تاوەکو ئێستا ریپۆرتەری تایبەتی بۆ بەدواداچوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران دیاریکردووە و ئەرکی سەرەکیی ریپۆرتەرەکە، تۆمارکردنی پێشێلکاری مافی مرۆڤە لە ئێراندا.
هەروەها لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەدواداچوونی سەرکوتی ناڕازییان لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی لە مانگی 12ی 2022 پێکهاتووە.
ئێران دیاریکردنی ریپۆرتەری تایبەت و پێکهێنانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکان رەتدەکاتەوە و دەڵێت، بە ئامانجی سیاسی دروستکراون. هێشتاش رێگەی نەداوە، هیچکام لەو ریپۆرتەرە و ئەندامانی لیژنەی دەرخستنی راستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ