رووداو دیجیتاڵ
دوای تووندتربوونی هەڕەشەکانی ئەمریکا و کاردانەوەکانی ئێران، عەلی لاریجانی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند سەرۆکی ئەمریکا کەسێکی بەتوانایە و ئەمریکا دەتوانێت بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری، لەگەڵ ئێران دروست بکات.
ئەمڕۆ (چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025) عەلی لاریجانی، راوێژکاری رێبەری ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خۆی وەکو کەسێکی ئاشتیخواز پێناسە دەکات، بۆیە نابێت بە زمانی هەڕەشە و شەڕ بدووێت.
لاریجانی دەڵێت، "بەڕێز ترەمپ کەسێکی بەهرەمەندە و توانیویەتی لە کارەکەیدا ئەوەندە دەوڵەمەند بێت، ئەمریکا دەتوانێت بەرژەوەندیی ئابووری لەگەڵ ئێران دروست بکات. ترەمپ دەڵێت من کەسێکی ئاشتیخوازم، بۆیە نابێت باسی هەڕەشە و شەڕ بکات."
بە گوتەی راوێژکاری رێبەری ئێران، "هێرشکردنە سەر ئێران بە بێ دەرئەنجام نییە و، ئێمەش فەرماندەی سەربازیی بەئەزموونمان هەیە."
عەلی لاریجانی، رۆژی دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025 رایگەیاندبوو "ئێران دەڵێت من توانام هەیە، بەڵام فەتوای رێبەر ئەوەیە 'ئێمە بە ئاراستەی چەکی ئەتۆمی نەڕۆین'، بەڵام ئەگەر ئێوە لە پرسی ئەتۆمیی ئێران کارێكی هەڵە بکەن، ئێران ناچار دەکەن بە ئاراستەی ئەم بابەتە بڕوات، چونکە دەبێت بەرگری لە خۆی بکات، ئێران چارەیەکی نامێنێت. خەڵک گوشار دەکەن کە لەپێناو ئاسایشی وڵات، دەبێت ئەو کارە بکرێت؛ بۆیە ئەگەر ئێوە بە ئاراستەی بۆردوومان بڕۆن، چ لە رێگەی خۆتان یان ئیسرائیلەوە، ئێران ناچار دەکەن بە جۆرێكی دیکە بڕیار بدات."
لاریجانی روونیکردەوە، "ئەوەی ئێمە دەیڵێین ئەوەیە؛ ئەمریکا لە جیاتی شەڕ لەگەڵ ئێران، دەتوانێت رێگەیەکی دیکە بدۆزێتەوە و یەکجارەکی و بۆ هەمیشە هەڵسوکەوتی خۆی بگۆڕێت."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی لە تاران کردووە و دەڵێ 'ئەگەر رێککەوتن نەکەیت، خراپت بەسەر دەهێنم.'
تامی برووس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتوویەتی "رەفتاری ئێران لە سەرانسەری جیهان هەڕەشە لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەمریکا دەکات؛ بۆیە سەرۆک ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری بەسەر ئەو وڵاتە سەپاندەوە، تاوەکو کۆتایی بە هەڕەشە ئەتۆمییەکەی بهێنێت؛ ئەمریکا رێگە بە ئێران نادات ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی."
ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و زەریای هیندیش، هێزی جووڵاندووە؛ لەبەرامبەردا ئێرانیش هەڕەشە دەکات.
لە ساڵی 2003 و لە سەروبەندی تۆمەتبارکردنی ئێران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی، عەلی خامنەیی، رێبەری ئەو وڵاتە فەتوای حەرامکردنی بۆمبی ئەتۆمی دەرکرد.
بەڵام لە تشرینی دووەمی پار، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم ئاشکرای کرد "ئێران نزیکەی 204 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 60٪ـی هەیە؛ دوای سێ مانگ، ژمارەکەی ئەپدەیتکردەوە و گوتی ئێستا ئێران 275 کیلۆی هەیە." کە لە رووی زانستییەوە هەر بۆمبێكی ئەتۆمی پێویستی بە 40 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بە رێژەی 90٪ هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ