رووداو دیجیتاڵ
ئیسرائیل و حەماس رێککەوتن ئاگربەستی نێوانیان رۆژێک درێژبکەنەوە، کە رێگە دەدات بە ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی بەندکراوانی فەلەستینی و رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی بۆ نێو کەرتی غەززە.
چەکدارانی حەماس 7ـی تشرینی یەکەم، هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە و زیاتر لە 240 کەسیان بە بارمتە گرت. هەر لەو رۆژەدا، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژران کە زۆربەیان خەڵکی سڤیل بوون. حەماس رایگەیاند، هێرشەکە لە وەڵامی کوشتن، گرتن و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی فەلەستینییەکان لە کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا و هەراسانکردنی موسڵمانان بووە لە مزگەوتی ئەقسا لە قودس/ئۆرشەلیم.
لە وەڵامی ئەو هێرشەدا، ئیسرائیل دەستی بە بۆردوومانکردنی چڕی کەرتی غەززە و دواتر هێرشی زەوینی کرد، کە بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە، تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی نزیکەی 15 هەزار کەس.
لە 55ـەمین رۆژ جەنگەکەدا، ئەمانە دوایین پێشهاتەکانن:
حەماس بارمتەی زیاتری ئیسرائیل ئازاد دەکات
بەرپرسانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد، دوو کەسی ئیسرائیلی کە لە غەززە بە بارمتە گیرابوون، لە لایەن حەماسەوە ئازادکراون، چاوەڕێ دەکرێت "لە چەند کاژێری داهاتوودا،" ژمارەیەکی زیاتریشیان رادەستی رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بکرێن.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێکیان کچێکی خاوەن دوو وەڵاتینامەی فەرەنسیی ئیسرائیلییە بە ناوی میا شێم کە تەمەنی 21 ساڵە، ئەوەی دیکەیان ژنێکی ئیسرائیلییە بە ناوی ئەمیت سۆسانا کە تەمەنی 40 ساڵە.
سەرچاوەیەکی حەماسیش بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە کە رۆژی پێنجشەممە، 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن.
چەند خوولەکێکی کەم پێش ئەوەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە لە کاژێر 8:00ـی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە (بە کاتی هەولێر) کۆتایی بێت، سوپای ئیسرائیل گوتی، درێژدەکرێتەوە.
بلینکن هەوڵدەدات ئاگربەستەکە درێژبکرێتەوە
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بە سەردانێک لە ئیسرائیل بوو، بە بەرپرسانی ئیسرائیلی گوت، ئاگربەستەکە "ئەنجامی هەبووە" و پێویستە بەردەوام بێت.
بلینکن هەروەها گوتی "پێویستە" خەڵکی سڤیل لە کەرتی غەززەی ئابلووقەدراو بپارێزرێن ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بوو.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی خۆی لەگەل سەرۆکی ئیسرائیل، رایگەیاند، "لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا پێشهاتی زۆر ئەرێنیی گەڕانەوەی بارمتەکانمان بینیوە کە بە خێزانەکانیان شاد دەبنەوە. هەروەها ئەوە وایکردووە یارمەتیی زیاتری مرۆیی بگاتە خەڵکی بێگوناهی سڤیل لە کەرتی غەززە کە زۆر پێویستیان پێیەتی."
بلینکن دواتر بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش لەگەڵ کاروانێک چوو بۆ رامەڵڵا، ناوەندی دەسەڵاتی فەلەستینی لە کەرتی رۆژئاوا و لەوێ لەگەڵ مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتەکە کۆبووەوە.
حەماس بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکەی قودس/ ئۆرشەلیم رادەگەیێنێت
ماوەیەکی کەم دوای درێژکردنەوەی ئاگربەست، حەماس بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشێک لە قودس/ ئۆرشەلیم راگەیاند کە تێیدا سێ ئیسرائیلی کوژران.
پۆلیسی ئیسرائیل رایگەیاند، دوو چەکدار لە قودس/ ئۆرشەلیمی رۆژهەڵات تەقەیان لە ژمارەیەک کەس کردووە لە نزیک وێستگەی وەستانی پاس لە دیوی رۆژئاوای شارەکە.
دوو سەرباز و کەسێکی سڤیل تەقەیان لە چەکدارەکان کردووە و هەردووکیانی کوشتوون.
لە راگەیێندراوێکدا دواتر حەماس گوتی، ئەو هێرشە "کاردانەوەیەکی سرووشتییە بۆ تاوانە بێوێنەکانی داگیرکار لە کەرتی غەززە و دژی منداڵانی جنین" لە کەرتی رۆژئاوا، کە سوپای ئیسرائیل ئەم هەفتەیە کوڕێکی هەشت ساڵان و نێوجەوانێکی کوشت.
لووتکەی کەشوهەوا رێز لە قوربانییانی جەنگ دەگرێت
لووتکەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP28 لە دوبەی بە یەک خولەک وەستان بۆ گیانی کوژراوانی جەنگەکە، دەستیپێکرد.
سامح شوکری، وەزیری دەرەوەی میسر داوای لە ئامادەبووان کرد "خوولەکێک بێدەنگ هەستنە سەر پێ" بۆ یادەوەریی دوو دیپلۆماتی کەشوهەوا کە بەم دواییانە گیانیان لەدەستدا، هەروەها "بۆ هەموو ئەو سڤیلانەی لە ماوەی ململانێی غەززەدا گیانیان لەدەستداوە."
ئیسرائیل باڵیۆزی خۆی لە ئیسپانیا دەگەڕێنێتەوە
ئێلی کۆهێن، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە مەدرید دەگەڕێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی "قسە شەرمەزارکەرەکانی" پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا کە رایگەیاندبوو، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە نایاسایین.
سانچێز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای وڵاتەکەی گوتبووی، "ئەوەی لە غەززە دەیبینین مایەی قبووڵکردن نییە" و باسی لەوە کردبوو کە "گومانی گەورە"ـی لە یاساییبوونی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ