ئیسرائیل داوای ئازادکردنی سەربازێکی لە حەماس دەکات

26-01-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
فەتحی کولەیب، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی دیموکراتی بۆ رزگارکردنی فەلەستین
فەتحی کولەیب، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی دیموکراتی بۆ رزگارکردنی فەلەستین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرچاوە فەلەستینییەکان دەڵێن، چاوەڕوان دەکرێت بارمتەی ئیسرائیلی، ئەربیل یەهوود کە ئیسرائیل رۆژی شەممە داوای ئازادکردنی کردبوو، لە ماوەی هەفتەیەکدا لە بەرامبەر 30 دەستگیرکراوی فەلەستینی، ئازاد بکرێت.
 
رۆژی شەممە 25-1-2025، فەتحی کولەیب، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی دیموکراتی بۆ رزگارکردنی فەلەستین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشبینی دەکرێت لە قۆناخی یەکەمدا واتە لە ماوەی شەش یان پێنج هەفتەی داهاتوودا زیاتر لە هەزار و 700 بەندکراو ئازادبکرێن". 
 
هەر رۆژی شەممە، چوار بارمتەی ئیسرائیلی کە لە کەرتی غەززە دەستبەسەر کرابوون ئازاد کران، لە کاتێکدا ئیسرائیل 200 دەستگیرکراوی فەلەستینی ئازاد کرد. لەبارەی بارودۆخی ئەو بەندکراوانە فەتحی کولەیب دەڵێت، "چوار ژنە سەربازی ئیسرائیلی لە بەرامبەر 200 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کران، کە 121یان حوکمی تاهەتاییان هەیە، 79یان حوکمی زیاتر لە 10 ساڵیان هەیە و 70 کەس لەوانەی ئازاد دەکرێن دەنێردرێنە دەرەوەی فەلەستین".
 
لەبارەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە بۆ ئازادکردنی بارمتە و دیلەکان، فەتحی کولەیب ئاماژی بەوە کرد، "لە قۆناخی یەکەم بەشێک لە دیلەکان ئازاد دەکرێن، واتە 1700 دیل. لە کاتێکدا ژمارەی دیلەکان لە بەندیخانەکانی زانیۆنییەکاندا زیاتر لە 10 هەزار کەسن".
 
سەبارەت بە ژمارەی بەندکراوە ئیسرائیلییەکان و زانیارییەکان لەبارەی ئەوەی کە ئایا زیندوون یان مردوون، هیچ زانیارییەک ئاشکرا نەکراوە. ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی دیموکراتی بۆ رزگارکردنی فەلەستین گوتی، "لە قۆناخی یەکەمدا بەردەوام دەبن لە ئازادکردنی دیلە فەلەستینییەکان لە بەرامبەر هەندێک بارمتەی ئیسرائیلی، چ ئەوانەی تەمەنیان سەرووی 18 ساڵە یان سەربازی ئیسرائیلین، چ زیندوو بن یان مردوو".
 
لە بارەی هەنگاوەکانی قۆناخی دووەم، فەتحی کولەیب دەڵێت، "زیاتر کشانەوە لە خۆ دەگرێت. لەم قۆناخەدا ئیسرائیل لە ناوچە قەرەباڵخەکان و هەندێک رێڕەوی ناو کەرتی غەززە دەکشێتەوە. لە قۆناخی دووەمدا کشانەوە بەرەو ناوچە سنوورییەکانی کەرتی غەززە تەواو دەکرێت و هەر قۆناخێک چەند پرسێکی دیاریکراو لە خۆ دەگرێت".
 
فەتحی کولەیب ئاماژەی بەوە کرد، "لە کۆتایی قۆناخی سێیەمدا، پێشبینی دەکرێت هەموو خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە کۆتاییان هاتبێت، چ ئەوانەی پەیوەندییان بە ئازادکردنی دیلە فەلەستینییەکان و بارمتە ئیسرائیلییەکان هەیە، یان کشانەوەی تەواو و کۆتایی ئیسرائیل لە هەموو کەرتی غەززە و کردنەوەی تەواوی دەروازەی رەفەح و هێنانی یارمەتی و کەلوپەلی پزیشکی و فریاگوزاری و پرسەکانی نیشتەجێکردن و  کردنەوەی هەموو دەروازەکان".
 
لەبارەی بارودۆخ و پیداویستییەکانی کەرتی غەززە، فەتحی کولەیب گوتی، "بێگومان وشەکان ناتوانن ئەو واقیعە تراژیدیا راستەقینەیە وەسف بکەن کە خەڵکی کەرتی غەززە تێیدا دەژین، لە رووی خۆراکەوە کە برسێتییەکی راستەقینە هەیە و ژمارەیەک منداڵ بەهۆی ئەوەی خێزانەکانیان نەیانتوانیوە خۆراکیان بۆ دابین بکەن گیانیان لەدەستداوە. برسێتی هەیە، تینوێتی هەیە، گەمارۆ هەیە، خەڵکانێک هەن شەوانیان لە شەقامەکان و لەبەردەم نەخۆشخانەکان بەسەر دەبەن، هەموو شوێنەکان لە کەرتی غەززە، واتە لە ناوچەی باکوور بە تەواوی وێران کراون. ناوچەی نێوەڕاست و باشووریش جێگەی هەموو ئاوارەکان نابێتەوە، بۆیە ئەمە تراژیدیایەکی راستەقینەیە".
 
سەبارەت بە دواڕۆژی حەماس، فەتحی کولەیب دەڵیت، "ئەو شێوازەی کە بزووتنەوەی حەماس پێشکێشی کرد، مەبەستدارە و پەیامە بۆ زیاتر لە لایەنێک: یەکەم، پەیامە بۆ ناوخۆی ئیسرائیل کە دەیگوت بزووتنەوەی حەماس و گرووپەکانی بەرگری لەنێوبردووە، دەیەوێت بڵێت کە هێشتا ماوە و هێشتا توانای رێکخستن و کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی هەیە لە هەموو شوێنەکانی کەرتی غەززە.  هەروەها دەیەوێت پەیام بۆ هەر کەسێک بنێرێت کە پەیوەندی بەدواڕۆژی کەرتی غەززەوە هەیە، کە حەماس هێشتا توانای حوکمڕانی کەرتی غەززەی هەیە، سەرەڕای ئەوەی کە رێککەوتنێکی نیشتمانیی فەلەستینی هەیە بۆ دروستکردنی چوارچێوە و دەستەکان کە جیاوازە لەوەی پێش 7ی ئۆکتۆبەر هەبوو".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 چەند ئاسایشێک لە شاری نابلوسی کەناری رۆژئاوای فەلەستین.

ئەمریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی رادەگرێت

ئیدارەی ترەمپ، هاوکارییە داراییەکان و بەرنامەی مەشق و راهێنانەکانی بە هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی فەلەستینی راگرت، ئەمەش لەچوارچێوەی رێکارەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ راگرتنی هاوکارییە داراییەکان بۆ وڵاتانی جیهان.