رووداو دیجیتاڵ
هەزاران ئاوارەی فەلەستینیی نیشتەجێی کەرتی غەززە لە باشوورەوە بۆ باکووری کەرتەکە دەگەڕێنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس رەزامەندیی پیشاندا 6 بارمتەی دیکە ئازاد بکات.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ئاوارەکانی کەرتی غەززە لە ئەمڕۆ دووشەممەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان لە باکووری کەرتەکە، ئەوەش دوای رازیبوونی حەماس بە ئازادکردنی 6 بارمتە.
سوپای ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی، ئاوارەکان رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە باکووری کەرتەکە.
گەڕانەوەکە بە پێ لە کاژێر 07:00ی بەیانی بەکاتی غەززە، کە دەکاتە کاژێر 08:00 بە کاتی هەولێر، دەستیپێکرد. کاژێر 10:00یش بەکاتی هەولێر گەڕانەوەی ئاوارەکان بە ئۆتۆمبێل دەستیپێکرد.
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا رێگەی نەدابوو ئاوارەکانی نیشتەجێی باکووری غەززە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان، کە بەشێکە لە رێککەوتنی ئاگربەست، ئەوەش بەهۆی ئەوەی حەماسی تۆمەتبار دەکرد بەوەی پابەندی مەرجەکانی ئاگربەست نەبووە و بارمتە سڤیلە ژنەکانی ئازاد نەکردووە.
رۆژی شەممە، نووسینگەی نەتەنیاهوو لەبارەی حەماس گوتی، "پاشگەزبوونەتەوە لەوەی ژمارەیەک بارمتەی دیکە ئازاد بکەن."
یەکێک لەو بارمتانە ئیسرائیل جەخت لەسەر ئازادکردنی دەکاتەوە ئاربێل یەحودە.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، بڕیاربوو ئەو ژنە رۆژی پێنجشەممە ئازاد بکرێت، بەڵام ئازاد نەکرا و ئیسرائیلیش رایگەیاند، تاوەکو ئازاد نەکرێت، گەڕانەوە بۆ باکووری غەززە رێگەی پێنادرێت.
رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە کە 19ی کانوونی دووەم چووە واری جێبەجێکردنەوە، بۆ شەش هەفتە دەبێت و پێویستە لەو ماوەیەدا 33 بارمتە ئازاد بکرێن بەرامبەر بە دوو هەزار گیراوی فەلەستینی.
تائێستا حەوت بارمتە بە دوو قۆناخ ئازادکراون، لە بەرامبەردا ئیسرائیل 200 گیراوی فەلەستینی ئازاد کردووە.