گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە نزیک کەناری دەریای نێوەڕاست لە شاری ئەسکەندەرییەی میسر، کتێبخانەیەک لەنێو باڵەخانەیەکی بەرزدا بە شێوەی هونەری تەلارسازیی مۆدێرن و سەرنجڕاکێش دروستکراوە، کە مێژووی 2,300 ساڵەی دەستنووس و کتێب لەو شارە دەگێڕێتەوە.
 
کتێبخانەی کۆنی ئەسکەندەرییە کە بە کتێبخانەی شاهانە یان کتێبخانەی گەورە ناسراوە، نزیکەی 23 سەدە لەمەوبەر لە لایەن ئەسکەندەری مەکدۆنیەوە دروستکراوە، ئەو کتێبخانەیە لە پێش زایینەوە تاوەکو ئێستا چەندین جار سووتاوە، تاوەکو لە ساڵی 2002 لە ژێر ناوی کتێبخانەی نوێی ئەسکەندەرییە دروستکرایەوە.
 
پڕۆژەی دروستکردنی کتێبخانەی ئەسکەندەرییە لە لایەن یونسکۆ و چەندین وڵاتی دیکە پاڵپشتی کراوە، دیزاینێکی مۆدێرن و ناوازەی بۆ هەڵبژێردراوە، کە لەگەڵ مێژووی شاری ئەسکەندەرییە بگونجێت.
 
هۆڵی سەرەکیی کتێبخانەکە لە 11 ئاست لە ژێر یەک بنمیچ پێکهاتووە، وەک ئەوەی 11 نهۆم بێت، بەڵام نهۆمەکان لە سەرووی یەک نین و بە پلیکانەوە لە تەنیشت یەکەوەن، کۆی رووبەرەکەی زیاتر لە 20 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، هەشت ملیۆن کتێبی تێدایە. 
 
ئێستا کتێبخانەیەکی دیجیتاڵییە، میراتی کولتووری میسر لەخۆدەگرێت، جگە لە هەشت ملیۆن ناونیشان، شەش کتێبخانەی تایبەتمەند، وەک: کتێبخانەی منداڵان، کتێبخانەی تەها حوسێن بۆ نابینایان، هەروەها سێ مۆزەخانە، حەوت سەنتەری لێکۆڵینەوە، شەش هۆڵ بۆ پێشانگەی هونەری و سەنتەری کۆنفرانس پێکهاتووە، لەگەڵ دوو پێشانگەی هەمیشەیی بۆ دەستنووس و چاپخانە کۆنەکان.
 
چوونەژوورەوە بۆ خەڵکی میسر بە یەک دۆلارە، بۆ کەسانی بیانی بە نۆ دۆلارە، بۆ قوتابیانیش بە خۆڕاییە، رێگە نادرێت منداڵانی خوار تەمەنی 4 ساڵ بچنە نێو کتێبخانەکە (لە تەمەنی 4 بۆ 16 ساڵیش رێگە نادرێت بچنە هۆڵی سەرەکیی کتێىخانەکە)، خواردن و خواردنەوە قەدەخەکراوە، کەشێكی هێمن رەخسێندراوە و گەشتیاران بە بێدەنگی بەنێو کتێبخانەکەدا دەگەڕێن و بە سەدان قوتابی زانکۆش هەن خەریکی خوێندنەوە و نووسینن.
 
لە کتێبخانەکەدا چەندین کۆمپیوتەر و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەن، بۆ ئەوەی بەکارهێنەران و خوێنەران بتوانن بە خێراترین و کەمترین ماوە دەستیان بە زانیارییەکان و سەرچاوە زانستییەکان بگات.