رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

خاڵێکی پشکنینی سەربازانی لوبنانی لە باشووری لوبنان لە 26-1-2025، وێنە: Mahmoud ZAYYAT / AFP
prev
next
رووداو دیجیتاڵ
لەکاتێکدا هێشتاش سوپای ئیسرائیل بەتەواوەتی لە خاکی لوبنان نەکشاوەتەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند، رێککەوتن لەسەر ئاگربەست لەنێوان لوبنان و ئیسرائیل بۆ 18ـی شوبات درێژکرایەوە.
رۆژی یەکشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2025، لە راگەیێندراوێکدا کۆشکی سپی، گوتی ئاگربەستەکەی نێوان لوبنان و ئیسرائیل کە لەلایەن واشنتنەوە سەرپەرشتیی دەکرێت، بۆ 22 رۆژی دیکە درێژکردەوە، تاوەکو 18ـی شوباتی 2025.
کۆشکی سپی هەروەها رایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ کار دەکات بۆ ئازادکردنی سەرجەم گیراوە لوبنانییەکان کە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئەمریکا لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023ـوە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە ناوچە سنوورییەکان دەستگیر کرابوون.
درێژکردنەوەی ئاگربەستی لوبنان لەدوای ئەوە دێت؛ دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری لوبنان، گردبوونەوە و داوایان کرد سوپای ئیسرائیل لە ناوچەکەیان بکشێتەوە، لەئەنجامدا گرژیی و ئاڵۆزی لەنێوان خەڵکەکە و سوپای ئیسرائیل روویدا و 22 لوبنانی کوژران کە شەشیان ئافرەت بوون.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند ئەوان ئەو کەسانەیان کردوونەتە ئامانج، کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر سوپاکەیان.
لە راگەیێنراوەکەی کۆشکی سپیدا ئاماژە بە رۆڵی فەرەنسا نەکراوە، کە لەگەڵ ئیدارەی بایدن کاریان کرد بۆ گەیشتنە ئاگربەستی قۆناخی یەکەم لە 27ـی تشرینی دووەم، لە دوای زیاتر لە ساڵێک شەڕ و پێکدادان لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان.
لە 8ـی ئۆکتۆبەری 2023، رۆژێک لەداوی هێرشەکانی چەکدارانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حیزبوڵڵاش دەستی بە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ناوچەکانی باکووری ئیسرائیل کرد و ئیسرائیلیش وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە.
بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو شەڕە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 4 هەزار کەس و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس لە هەردوولا.
بەگوێرەی ئاگربەستی یەکەم، پێویست بوو تاوەکو 26ـی کانوونی دووەم، سوپای ئیسرائیل لەسەرجەم ناوچەکانی باشووری لوبنان بکشێنەوە، بەڵام تائێستا بەتەواوەتی نەکشاوەتەوە.
رۆژی یەکشەممە ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا لوبنانی تۆمەتبار کرد بەوەی خاڵەکانی ئاگربەستی جێبەجێنەکردووە و ئەوانیش پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا لە باشووری لوبنان، بۆیە لەو ناوچانە نەکشاونەتەوە.
لەبەرامبەردا، سوپای لوبنان، رایگەیاند ئیسرائیل تاکتیکی دواخستن بەکاردەهێنێت و نایەوێت لە خاکی لوبنان بکشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ