رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی بزووتنەوەی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی دژەجوو بڵاویکردەوە، پار 18 هەزار و 665 هێرش کراونەتە سەر ئیسرائیل. هێرشەکان لە غەززە، لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقەوە بوون.
رۆژی 27ی کانوونی دووەمی 2025، رێکخراوی بزووتنەوەی رووبەڕووبوونەوەی تاوانی دژەجوو راپۆرتێکی سەبارەت بە هێرشی سەر جووەکان بە گشتی و گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەتایبەتی بڵاوکردەوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، پار 18 هەزار و 665 هێرش کرانە سەر ئیسرائیل. لەو هێرشانەدا 134 کەس کوژران و هەزار و 227 کەسی دیکەش بریندار بوون.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پار 16 هەزار و 400 هێرشی مووشەکی لە لوبنان و کەرتی غەززەوە کرانە سەر ئیسرائیل. هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی دیکەش لە سووریا، یەمەن و عێراقەوە کرابوون.
بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، بەشێک لە مووشەک و درۆنەکان لە دەرەوەی شارەکان کەوتنە خوارەوە و بەهۆیانەوە 375 کیلۆمەتر چوارگۆشە لە خاکی ئیسرائیل سووتا.
لە تشرینی یەکەمی 2023وە ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە جەنگدا بوو و 15ی ئەم مانگەش ئاگربەستیان راگەیاند. دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، حیزبوڵڵاش لە باشووری لوبنانەوە دەستی بە مووشەکبارانکردنی باکووری ئیسرائیل کرد. ئەویش تشرینی دووەمی رابردوو ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل کرد.
دواتر، حووسییەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سووریا دەستیان بە هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر ئیسرائیل کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ