ئیسرائیل لە 24 کاژێردا 16 کەسی لە کەرتی رۆژئاوا کوشتووە

29-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئیسرائیل لە ماوەی دوو رۆژدا لە هێرشەکانیدا بۆ سەر کەرتی رۆژئاوا، لانیەکم 16 کەسی فەلەستینی کوشتووە. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی دەردەبڕێت و هۆشداریدەدات کە ئەو هێرشانە "نەوت بە دۆخێکدا دەکەن کە نزیکە لە تەقینەوە."
 
رۆژی پێنجشەممە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە فەلەستینییەکە لە ژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی دژە تیرۆر" لە باکووری کەرتی رۆژئاوا بەردەوامبوون. 
 
سوپای ئیسرائیل هەڵیکوتایە سەر چەندین شار و کەمپی ئاوارەکان لە کاتێکدا جەنگ لە کەرتی غەززەش بەردەوامە کە ناوچەیەکی جیایە. 
 
لە کەرتی رۆژئاوا، کاروانی زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرائیل بە پشتیوانی سەرباز و فڕۆکە جەنگییەکان کەمپی ئاوارەکانیان لە توباس، تولکەرەم و جنین گەمارۆدا و تەقەیان لە فەلەستینییەکان کرد.  
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە، 29ی ئاب، حەوت چەکداری کوشتووە، لە نێویاندا پێنج چەکدار لە کەمپی ئاوارەکانی تولکەرەم. 
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سوپاکە، یەکێک لەو پێنجانە، محەممەد جابر بوو، کە بە ئەبو شوجاع ناسراوە. گرووپی جیهادی ئیسلامی رایگەیاند، ئەو کەسە فەرماندەی گرووپەکە بووە لە کەمپی نوور شەمس. 
 
بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، دوو چەکداری دیکە لە کەمپی جنین کوژراون. 
 

هێرشەکانی ئیسرائیل بوونەتە هۆی وێرانکاریی گەورە، بە تایبەتی لە تولکەرەم، کە پارێزگارەکەی دەڵێت، هێرشەکان "بێوێنە" و "ئاماژەیەکی مەترسیدارن."
 
نووسینگەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل ماڵەکانی گۆڕیوە بۆ پێگەی سەربازی" و ژمارەیەک ناوەندی تەندروستییان گەمارۆدراوە. 
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای "وەستاندنی دەستبەجێی ئەم ئۆپەراسیۆنانە"ی کرد و بەکارهێنانی هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیلی سەرکۆنەکرد کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵک، لەنێویاندا منداڵان. 
 
گوتێرێز گوتی: "ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە نەوت بەسەر دۆخێکدا دەکەن کە هەر خۆی نزیکە لەوەی بتەقێتەوە."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە