رووداو دیجیتاڵ
ئاژانسی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرووەکان دەڵێت، لە 23ـی ئەم مانگەوە حەوت منداڵ لە کەرتی غەززە رەقبوونەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 31ـی کانوونی یەکەمی 2024، ریکاردۆ پیرێس، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی رێکخراوی یونیسێفی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: "تراژیدیا و قبووڵنەکراوە کە لە 23ـی ئەم مانگەوە حەوت منداڵی تازەلەدایکبوو بەهۆی سەرما و نەبوونی پەناگەوە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە."
بەرپرسەکەی یونیسێف دەشڵێت: "ئەو شێوازی گیانلەدەستدانەی دەتواندرێت رێگری لێبکرێت، ئەو دۆخە نائومێدکەرە نیشان دەدات کە رووبەڕووی خێزانەکان و منداڵان لە سەرانسەری کەرتی غەززە بووەتەوە."
یونیسێف هۆشداریشیدا لەوەی کە دەکرێت نزمبوونەوەی پلەی گەرما ببێتە هۆی ئەوەی منداڵی زیاتر لە غەززە بەهۆی سەرماوە گیانلەدەستبدەن.
جگە لە نزمبوونەوەی پلەی گەرما و رەقبوونەوەی منداڵان، یونیسێف ئاماژە بەوەش دەکات، خەڵکی غەززە رووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی وەکو نەبوونی پەناگە، خۆراک و دامەزراوە تەندرووستییەکان بوونەتەوە.
جەنگی غەززە لە حەوتی ئۆکتۆبەری 2023 بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە لەو رۆژەدا هەزار و 100 کەسیان کوشت. ئیسرائیلیش لەو کاتەوە هێرشی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکردووە و لەو کاتەوە 45 هەزار و 500 کەس لە غەززە کوژراون.
لەو کاتەوەش جەنگەکە دەستیپێکردووە، ئیسرائیل گەمارۆی خستووەتە سەر غەززە و 2.3 ملیۆن دانیشتووی لە لێواری برسێتیدان.
21ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، دادگەی نێودەوڵەتیی تاوان بەتۆمەتی "ئەنجامدانی تاوان دژی مرۆڤایەتی" فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی پێشووی ئیسرائیل دەرکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ