رووداو دیجیتاڵ
سعودیە دەیەوێت پێگەی خۆی لە سووریای نوێ بەهێز بکات و بڕیاری داوە پێشکێشکردنی هاوکارییەکانی بۆ سووریاییەکان کراوە بێت، لەو چوارچێوەیەشدا یەکەم کاروانی هاوکاریی مرۆیی سعودیە لەڕێگەی فڕۆکەخانەی دیمەشقەوە گەیشتە وڵاتەکە.
سەمیر جێتەعلی، گوتەبێژی سەنتەری شا سەلمان بۆ هاوکاریی مرۆیی گوتی، "ئەم هاوکارییانە راناوەستن، تاوەکو ئەوکاتەی ئەنجامی دڵخۆشکەر بەدەست دەهێندرێن بەهۆی ئەو دەستوەردانە مرۆییانە، تاوەکو ئەوکاتەشی دەرئەنجامی راستەقینە بەهۆی هاوکارییەکانەوە نەبینین."
جگە لەو هاوکارییانە، سعودیە رایگەیاند، رێڕەوێکی زەوینیی مرۆیی لە وڵاتەکەیەوە بۆ نێو سووریا دەکاتەوە کە بەنێو ئوردندا تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە دیمەشق؛ بە مەبەستی بەردەوامیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی.
هاوکارییەکانی سعودیە بۆ سووریای نوێ لە کاتێکدایە، ریاز دەیەوێت پێگەی وڵاتەکەی لە دیمەشق بەهێز بکات لەدوای 14 ساڵ بۆشایی دیپلۆماسی.
دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، یەکەم وێستگەی سەردانیان سعودیە بوو. ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکومەتی راگوزەری سووریا لەبارەی سەردانەکەی بۆ سعودیە، لە ئێکسێکدا رایگەیاند، "شانازی دەکەم بەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتەکەم بکەم بۆ یەکەم سەردانی فەرمیم بۆ سعودیە. چاومان لەوەیە پەیوەندییەکی ستراتیژی لەگەڵ برایانمان لە شانشینی سعودیە لە سەرجەم بوارەکان دروست بکەین."
فراوانبوونی رۆڵی سعودیە لەدوای رووخانی دەسەڵاتی 24 ساڵەی بەشار ئەسەد لە سووریا، لە کاتێکدایە کە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دیفاکتۆی سووریا کە لەدایکبووی ریازی پایتەختی سعودیەیە، رایگەیاندووە، سعودیە رۆڵێکی سەرەکی دەبێت لە داهاتووی سووریا و بنیاتنانەوەی ئەو وڵاتە دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ