تورکیا داوادەکات گیراوەکانی داعش لە سووریا بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان بەغداش بڕیاریدا عێراقییەکان وەربگرێتەوە

02-01-2025
سیپان رۆژهەڵاتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و بەلجیکا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، بارودۆخی سووریا بوو. وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی " پێویستە ئەندام و خێزانەکانی داعش لە سووریا بگەڕێنرێنەوە وڵاتەکانیان."
 
دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان (پێنجشەممە، 2-1-2024) هاکان فیدان و بێرنارد کوینتین کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان کرد. هاکان فیدان گوتی، "بوونی ئەندام و گیراوەکانی داعش لە سووریا بووتە سەرچاوەی قەیران بۆ ناوچەکە. پێویستە ئەندام و خێزانەکانی داعش لە سووریا بگەڕێنرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان."
 
هاکان فیدان هەروها گوتی، "نابێت ئەو کەمپانەی داعشیان تێدایە لەژێر دەستی پەکەکەدا بن، لەبەرئەوەی پێدانی ئەرکی کۆنترۆڵکردنی بەندیخانەکانی داعش بە پەکەکە، قەیرانی دروستکردووە."
 
لەبارەی داهاتووی ئەو کامپانەشەوە هاکان فیدان گوتی، "پێویستە حکومەتی سووریا ئاسایشی ئەو کەمپانە بگرێتەئەستۆ."
 
هاکان فیدان دەڵێ تورکیا پشتگیری لە یەکێتیی خاکی سووریا دەکات. "ئەو کەسانەی دژی یەکێتیی سووریان، کە هەندێک کەسیان ئەندامی پەکەکەن، دەبێت لە سووریا دەربچن."
 
لە رۆژئاوای کوردستان 27 کەمپ و گرتووخانەی تایبەت بە ئەندامانی داعش هەن، کە 12 هەزار بەندکراو و 43 هەزار ژن و منداڵی داعش لەخۆدەگرن، سەرجەمیان لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دان. 
 
کەمپی هۆل، گەورەترین کەمپی رۆژئاوای کوردستانە کە ژن و منداڵانی داعشی تیدایە.  
 
"عێراق سەرجەم داعشە عێراقییە گیراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر وەردەگرێتەوە"
 
ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) لیژنەی باڵای بەرپرسی دۆسیەی عێراقییەکانی ژێر دەستی ئیدارەی خۆسەر کۆبووەوە و سەرچاوەیەک لە کۆبوونەوەکەوە بە رووداوی رایگەیاند "عێراق بڕیاریداوە سەرجەم داعشە عێراقییەکانی گرتووخانەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر، وەربگرێتەوە."
 
لە راگەیێندراوێکیشدا نووسینگەی رۆژنامەڤانیی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق کە وێنەیەکی بۆ رووداو ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ لیژنەی باڵای دۆسیەی عێراقییەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئیڤان جەبرۆ، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و حەمید شەتری، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی عێراق و راوێژکارانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئەمنی کۆبوونەوە. 
 
لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە زنجیرەیەک بڕیاری لەسەر ئەم دۆسیەیە پەسند کرد و بڕیارە؛ "بڕیار و راسپاردەکان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێڕاق بەرزبکرێنەوە."
 
لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوەیەکی باڵا لە کۆبوونەوەکەوە بە تۆڕیی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکە بڕیاریدا سەرجەم داعشە گیراوەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی خۆسەر وەربگرێتەوە، لەگەڵ ماڵباتی داعشەکانی کەمپی هۆل بگوازرێنەوە بۆ عێراق.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە