رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."
جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای پەکەکە، باسی دۆخی نوێی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە نێویدا عێراق دەکات و دەڵێت "ئەو دەوڵەتەی زۆرترین کاریگەریی رەوشی نوێی سووریای لەسەر بووە، عێراقە."
ئەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا روودەدەن، بەلای جەمیل بایکەوە، پلانی ئەمریکا، بەریتانیا و ئیسرائیلە. ئامانجی پلانەکەش ئێرانە.
بایک دەڵێت، "پلانەکە وایە؛ دەیانەوێت بە شکاندنی هێزی ئێران، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دیزایین بکەنەوە. لە هێرشەکانی سەر حەماسەوە تاوەکو رووخاندنی رژێمی سووریا، ئامانجی سەرەکیی هەموو هێرشەکان ئێرانە. سەرەتا لە غەززە، پاشان لوبنان، ئێستاش لە سووریا، هێزی ئێران شکێنرا."
هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت "بە رەچاوکردنی هێز و کاریگەریی ئێران لەسەر عێراق، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین؛ پاش سووریا، نۆرەی عێراقە. ئەم گریمانەیە زۆرە. لەم رووەوە، رەوش و ئاییندە عێراق تەواو ناڕوونە."
جەمیل بایک پێیوایە کێشەکانی عێراق بە تەواوی چارەسەر نەکراون، لەوانە دەستوور چارەسەری هەموو کێشەکانی نەکرد، ئەمەش رێگەی بۆ دەستوەردانی تورکیا و ئێران خۆشکرد.
هاوسەرۆکی کەجەکە دەڵێت "چاوەڕوان دەکرێت لەبەرانبەر عێراق، نزیکایەتییەک پێشبخرێت و کاریگەرییەکانی ئێران بشکێنرێت. ئەگەر چارەسەرییەکی لەم شێوەیە دروستببێت، دیسان هاوسەنگییەکان لە عێراق بگۆڕن. رەنگە دابەشبوونی عێراقیش بکەوێتەوە رۆژڤەوە."
جەمیل بایک بە دووری دەزانێت ئەوەی لە سووریا روویدا، ئێران قبووڵی بکات کە لە عێراق رووبدات، "لەبەرئەوەی عێراق لەم رووەوە بۆ ئێران وەکو کۆتا قەڵایەتی لە دەرەوە. جگە لەمەش راستەوخۆ شەڕ دەربازی ئێران دەبێت. بۆیە رەنگە کاردانەوەی تووندی ئێران هەبێت. ئەمەش گریمانەی دابەشبوونی ئێران زیاد دەکات."
هاوسەرۆکی کەجەکە هۆشداری نزیکبوونەوەی عێراق لە تورکیا دەدات و دەڵێت، "دەبێت عێراق پەند لە دۆخی سووریا وەربگرێت. بە هاوکاریی ئەردۆغان رژێمی بەشار ئەسەد هەڵوەشێندرایەوە. ئێستا دەیەوێت ئیدارەی دیمەشق وەک ولایەتێکی خۆی بەڕێوەبەرێت. کاتێک بەیانی بڕیارێکی لەم شێوەیە بەرانبەر عێراق بدرێت، دەتوانرێت لێرەش دەوڵەتی تورک بەشدار ببێت. بە هاوکاریی تەیب ئەردۆغان، عێراق دابەش بکەن، یان بیخەنە دۆخێکی هاوشێوەی دیمەشق. لە دۆخێکی وادا ئەو ئیدارەیەی لە بەغدا هەیە، لە ویلایەتێک زیاتر هیچ هێز و دەسەڵاتێکی نییە. بەڕاستی سەیرە ئەم بابەتە لە لایەن عێراقییەکانەوە نابیندرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ