سعودیە 6 ئێرانیی لەسێدارە دا

01-01-2025
جەعفەر موبەشرنیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاند، 6 هاووڵاتیی ئێرانی لەسێدارە دا، لەبەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی ئێران باڵیۆزی سعودیەی لە تاران بانگکرد و ناڕەزایی ئەو وڵاتەی پێڕاگەیاند.
 
کەریمی شەستی، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆنسووڵی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم هەنگاوەی سعودیە قبووڵکراو نییە و پێچەوانەی یاسا و رێساکانی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی پەیماننامەی پەیوەندییە کۆنسوڵییەکانە.
 
ئەو 6 هاووڵاتییەی ئێران لە یەکەم رۆژی ساڵی نوێدا لەسێدارەدران، بە گوتەی کەریم شەستی، بەتۆمەتی قاچاخچیێتیی مادەی هۆشبەر سزای لەسێدارەدانییان بەسەردا سەپێندرابوو.
 
بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆنسووڵی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی "لەماوەی رابردوودا وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەوڵی کەمکردنەوەی سزای ئەو 6 کەسەدا بوو، بەڵام بەبێ ئەوەی باڵیۆزخانەی ئێران لە سعودیە ئاگاداربکرێتەوە، لەسێدارە دران."
 
کەریمی شەستی دەڵێت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایی تووندی خۆی بە باڵیۆزی سعودیە راگەیاندووە و ئەم هەنگاوەی بەپێچەوانەی پرۆسەی هاوکاریی نێوانیان زانیوە و، جەختی لە روونکردنەوەی پێویست لەو بارەوە کردووەتەوە.
 
بڕیارە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەسەر ئەم پرسە سەردانی ریاز بکات. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە