رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی فەلەستین بڕیاری دا پەخشی کەناڵی جەزیرەی قەتەری لە خاکی فەلەستین رابگرێت و نووسینگەکەی سڕبکات؛ دەشڵێت: "هۆکارەکەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستە." حەماس سەرکۆنەی بڕیارەکەی کرد و بە "بێڕێزی" وەسفی کرد.
رۆژی چوارشەممە، 01-01-2025، میدیای فەرمیی دەسەڵاتی فەلەستین - وەفا رایگەیاند: "لیژنەی تایبەتی وەزاری کە پێکدێت لە وەزارەتەکانی رۆشنبیری، ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن؛ بڕیاری دا پەخشی کەناڵی ئاسمانیی جەزیرە رابگرێت و هەموو چالاکییەکان و نووسینگەکەی لە فەلەستین سڕ بکات."
لە راگەیێنراوەکە هاتووە: "ئەم بڕیارە لە وەڵامی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستە لەلایەن جەزیرەوە؛ کارەکانیان خۆی لە پشێوی نانەوە، هاندان و دەستوەردانە لە کارەکانی فەلەستین."
دەسەڵاتی فەلەستین کە ئێستا مەحموود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات رایگەیاند: "ئەم بڕیارە هەموو ئەو رۆژنامەڤان، کارمەند و کەناڵانە دەگرێتەوە کە سەر بە جەزیرەن."
بزووتنەوەی حەماس راگەیێنراوێکی لەبارەیەوە بڵاوکردەوە: "بە تووندی سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی دەسەڵاتی فەلەستین دەکەین. بڕیاری راگرتنی پەخشی جەزیرە پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئازادیی میدیاییە و هەڵسوکەوتێکی سەرکوتکەرە."
بزووتنەوە فەلەستینییەکە کە 18 مانگە لەگەڵ ئیسرائیل لە جەنگدایە راشیگەیاند: "ئەو بڕیارە نایاسایی، ناڕەوا و بێڕێزیکردنێکی راستەوخۆیە بۆ پیشەی رۆژنامەڤانی و میدیا لەم کاتە هەستیارەدا."
کارمەندێکی نووسینگەی جەزیرە لە رامەڵڵا رایگەیاند، نووسینگەکەیان فەرمانی داخستن و راگرتنی بۆ چووە.
گرژییەکانی نێوان تۆڕی جەزیرە و بزووتنەوەی فەتح کە مەحموود عەباس سەرکردایەتی دەکات، لە چەند هەفتەی رابردوو زیادیانکرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی کەناڵە قەتەرییەکە رووماڵی شەڕ و پێکدانانی هێزە ئەمنییەکانی فەلەستین و چەکدارەکانی شاری جەنینی کرد لە کەرتی رۆژئاوا.
ئەم بڕیارەی دەسەڵاتی فەلەستین لە کاتێکدایە، سێ مانگ لەمەوبەر حکومەتی ئیسرائیل بڕیاری راگرتنی پەخشی کەناڵەکەی لە ئیسرائیل دا و سوپای ئیسرائیلیش هەڵیانکوتایە سەر نووسینگەی کەناڵەکە لە رامەڵا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ