رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق کوشتنی ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنان سەرکۆنە دەکات و بە "تاوان" ناوی دەبات، ئەوە دوای ئەوەی دوێنێ ئیسرائیل هیرشێکی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا لە بەیرووت ئەنجامدا و ئەمڕۆش کوشتنی راگەیاند.
ئەمڕۆ شەممە، 28-9-2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنانی کرد و هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵڵا لە بەیرووت بە "تاوان و شەرمەزارکەرانە" ناوبرد.
سوودانی، هاوکات، بەهۆی کوژرانی حەسەن نەسروڵڵاوە سێ رۆژ ماتەمینیی گشتیی لە عێراق راگەیاند.
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ئیسرائیل هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاندووە و حەسەن نەسروڵڵاشی بە "شەهیدی رێگەی راست" ناوبرد.
دوێنێ هەینی، 27-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر باشووری بەیرووت و بڵاویکردەوە، بارەگای سەرەکیی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج.
رۆژی شەممە، 28-09-2024، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا لە هێرشەکەی دوێنێی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر بەیرووت کوژراوە. حیزبوڵڵاش دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
شەڕ و پێکدادانی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل یەک رۆژ دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لە 07-10-2023 دەستیپێکرد، بەڵام لە 23ـی ئەم مانگەوە بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان و بەیرووت چڕتربوونەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی لوبنان، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 700 کەس لە لوبنان کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ