حووسییەکان: ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردنە سەر یەمەن

20-04-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، ئەمریکا ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیی کردوونەتە سەر شارەکانی سەنعا و حودەیدە، ئەوەش کەمتر لە 48 کاژێر دوای هێرشێکی ئاسمانیی دیکە بۆ سەر بەندەرێک، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 70 کەس.
 
نووسینگەی راگەیاندنی حووسییەکان دەڵێت، لە دوێنێوە ئەمریکا 13 هێرشی ئاسمانیی کردوونەتە سەر فڕۆکەخانە و بەندەری شاری حودەیدە لەسەر دەریای سوور.
 
نووسینگەکە دەڵێت، ئەمریکا هێرشی کردووەتە سەر سەنعای پایتەختیش، بەڵام باسی لە هیچ زیانێکی گیانی نەکردووە.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) کە سەرپەرشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات، گوتی، هێرشە ئاسمانەییەکانی لە دژی حووسییەکانی یەمەن بەردەوامن.
 
بە گوتەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی حووسییەکان، رۆژی پێنجشەممە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئەمریکا بۆ سەر بەندەری رەئس عەین لە پارێزگەی حودەیدە، 74 کەس کوژران و 171ی دیکە برینداربوون.
 
ئەوە خوێناویترین هێرشی ئەمریکا بوو لەو کاتەوەی دەستی بە هەڵمەتەکەی لە دژی حووسییەکان کردووە.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی شەممە رایگەیاند، "بە قووڵی" لەو هێرشە و ئەوانی حووسییەکانیش بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان نیگەرانە.
 
سێنتکۆم لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، لە هێرشەکەی رۆژی پێنجشەممەدا، "ئامانجەکە ئەوە نەبوو زیان بە خەڵکی یەمەن بگەیێنرێت."
 
لەو کاتەوەی ئەمریکا لە 16ی ئادار دەستی بە هەڵمەتەکە کردووە، نزیکەی 200 کەس لە یەمەن کوژراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە