شاندێکی میسر بۆ گفتوگۆی ئاگربەستی غەززە دەچێتە ئیسرائیل

26-04-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ شاندێکی میسری سەردانی ئیسرائیلی کرد بۆئەوەی لەبارەی ئاگربەست بۆ غەززە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلیدا کۆببێتەوە.
 
هەنگاوەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل ئامادەکاری دەکات بۆئەوەی هێرش بکاتە سەر شاری رەفەحی باشووری غەززە، کە نزیکەی 1.5 ملیۆن فەلەستینیی تێدایە.
 
بەرپرسێکی حەماس رایگەیاند، هەر هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح، دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر دانوستاندنەکان.
 
قەتەر، میسر و ئەمریکا وەکو نێوەندگیر لەنێوان ئیسرائیل و حەماس رۆڵ دەگێڕن بۆئەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکانی دەستی حەماس ئازاد بکرێن و ئیسرائیلیش هێرشە خوێناوییەکانی بۆ سەر غەززە بوەستێنێت، کە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 34 هەزار و 356 کەس، کە بەشی هەرە زۆریان ژن و منداڵن، هەروەها لانیکەم 77 هەزار و 368 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
هەوڵی نێوەندگیرەکان تەنیا تشرینی دووەمی پار ئاگربەستێکی یەک هەفتەیی لێ کەوتەوە کە تێیدا 80 بارمتەی ئیسرائیلی بەرامبەر 240 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد کران.
 
تاوەکو دێت ناڕەزایی و گوشاری نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی جەنگ زیاتر دەبێت. خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکا، کەنەدا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی رۆژئاوایی دەستیان بە خۆپێشاندان کردووە دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە.
 
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا بەگوێرەی ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل، نزیکەی هەزار و 170 کەس کوژران.
 
هەر لەو رۆژەدا، چەکدارانی فەلەستینی زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە گرت. هێشتا 129یان لە غەززە ماون. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، 34 لەوانە مردوون.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە سەردانی شاندە میسرییەکە بۆ ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکات، ئامانج لە گفتوگۆکانیان "هاوئاهەنگیی ئەمنی" دەبێت.
 
بەرپرسانی ئیسرائیلیش باس لەوە دەکەن، پێش سەردانی میسرییەکان، کابینەی جەنگیی ئیسرائیل پلانێکی نوێی بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان تاوتوێ کردووە.
 
رێکخراوە مرۆییەکانیش هۆشداری دەدەن کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر رەفەح، ئەوا کارەساتە مرۆییەکەی غەززە خراپتر دەبێت.
 
پرۆگرامی خۆراکی جیهانیش باس لەوە دەکات، قاتوقڕی "هەڕەشەیەکی راستەقینە و مەترسیدارە" کە مەبەست لێی برسیبوونی خەڵک بۆ ماوەیەکی درێژ، تووشبوونیان بە نەخۆشی و مردنیانە لە برسا.
 
غازی حەمەد، بەرپرسی باڵای حەماس رایگەیاند، ئیسرائیل "ئەو شتەی دەیەوێت بەدەستناهێنێت" لە رەفەح.
 
ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، دوای نزیکەی حەوت مانگ لە جەنگ، ئیسرائیل ئامانجەکانی بەدەستنەهێناون، "چ لەنێوبردنی حەماس بێت یان گەڕاندنەوەی بارمتەکان."
 
حەمەد هۆشداریش دەدات کە هێرشی زەوینی بۆسەر رەفەح "بێ هیچ گومانێک هەڕەشە لە دانوستاندنەکان دەکات" و پێشانیدەدات کە "ئیسرائیل حەزی لە درێژەدان بە جەنگە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."