رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هەڕەشە لە حەماس دەکات و دەڵێت، ئەگەر بەزووترین کات بارمتەکان ئازاد نەکەن، سوپاکەی هەر لەنێو کەرتی غەززە دەمێنێتەوە و دەستی بەسەردا دەگرێت، حەماسیش دەڵێت، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر کەرتەکە رانەگرێت، بارمتەکانیان لەنێو "کفن"دا، بۆ دەگەڕێننەوە.
رۆژی چوارشەممە 26ـی ئاداری 2025، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی رایگەیاند تاوەکو چەکدارانی حەماس سوور بن لەسەر ئەوەی بارمتەکان ئازاد نەکەن، "گوشارەکانی سەریان زیاتر دەبێت و بەهێزتر دەبێت."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "گوشارەکان، دەستبەسەرداگرتنی ناوچەی دیکە و شان بە شانی رێکاری دیکە دەبن، کە لێرەدا نامەوێت باسیان بکەم."
ئەو هەڕەشەیەی نەتەنیاهوو، لەدوای رۆژێک لە هەڕەشەکانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل دێت؛ کاتێک رایگەیاند "تاوەکو حەماس دەرفەتی ئازادکردنی بارمتەکان رەتبکاتەوە، ناوچەی زیاتر لەدەستدەدات و ئەو ناوچانەش راستەوخۆ دەلکێنین بە ئیسرائیلەوە."
دوای هەفتەیەک دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە دوو مانگ بوون بەهۆی ئاگربەستەوە راگیرابوون، ئیسرائیل رایگەیاند بەیانی رۆژی چوارشەممە، دوو مووشەک لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ناوچە سنوورییەکانی باشووری ئیسرائیل کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکانی نەزانراون.
ئەو هێرشە مووشەکییە، لەکاتێکدایە رۆژی سێشەممە، بۆ یەکەمجار بە سەتان فەلەستینی خۆپێشاندانیان لەدژی دەسەڵاتدارانی حەماس کرد و هۆتافیان لە دژی حەماس دەگوتەوە و داوای کۆتاییهێنانی جەنگەکەیان دەکرد.
رۆژی 18ی ئادار، ئیسرائیل جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر غەززە دەستپێکردەوە و حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی مەرجەکانی ئاگربەستی جێبەجێ نەکردووە.
بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، لە رۆژێ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، 830 فەلەستینی لە غەززە کوژران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ