رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، "هێرشی ورد"ی کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئێران بۆ ئەوەی تۆڵەی هێرشەکانی رابردووی تاران بۆ سەر ئیسرائیل بکاتەوە.
دانیێل هەگاری، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، رایگەیاند: "لە وەڵامی چەند مانگێک لە هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێراندا."
میدیای فەرمیی ئێران پشتڕاستیکردەوە لە چەندین شوێنی وڵاتەکە، لە نێویاندا لە تارانی پایتەخت، دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.
هێرشەکە دوای ئەوە دێت کە ئێران لە 1ی تشرینی یەکەم، نزیکەی 200 مووشەکی بالیستیی بە ئیسرائیلەوە نا بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی جەنەڕالێکی خۆی، هەروەها ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماسی فەلەستینی و حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا بکاتەوە.
هەگاری دەڵێت: "رژمێی ئێران و هێزە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکە، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە بێووچان لە حەوت بەرەوە هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل، لە نێویاندا هێرشی راستەوخۆ لە خاکی ئێرانەوە."
گوتەبێژەکە هەروەها گوتی: "دەوڵەتی ئیسرائیل، وەک هەر وڵاتێکی خاوەن سەروەری لە جیهان، ماف و ئەرکی ئەوەی هەیە وەڵامبداتەوە. توانای بەرگری و هێرشبردنمان بە تەواوی خراونەتەگەڕ. هەر شتێک پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەتی ئیسرائیل و خەڵکی ئیسرائیل، دەیکەین."
کۆشکی سپی رایگەیاند، ئەمریکا ئەم هێرشەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بە "بەرگریلەخۆکردن" هەژماردەکات، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پێنتاگۆن لە هێرشەکەدا بەشدارنەبووە.
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی بە گەڕانەوە بۆ بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئاماژە بەوە دەکات، کابینەی ئەمنیی ئیسرائیل رۆژی هەینی لە کۆبوونەوەیەکدا هێرشەکەی پەسەندکردووە.
هەورەها بەرپرسانی ئەمریکی بە میدیاکەیان گوتووە، چەند کاژێرێک پێش هێرشەکە، ئیسرائیل ئیدارەی بایدنی لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە.
یەکێک لەو شوێنانەی بەر هێرشەکە کەوتووە، بە گوێرەی میدیای فەرمیی ئێران، رۆژئاوای تاران بووە.
دوای هێرشەکان، ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردەوە کە "دۆخی تاران ئاساییە."
تەلەڤزیۆنی فەرمیی سووریاش رایگەیاند، لە نزیک دیمەشق دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.
هاوکات چالاکڤانە خۆجێیەکانی سووریا رایانگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سووریا هەوڵیداوە بەرپەرچی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بداتەوە کاتێک بە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا بەرەو ئێران رۆشتوون.
هەروەها ئاماژەیان بەوە کرد، فڕۆکەی ئیسرائیلی بەسەر ئاسمانی سنووری سووریا و ئوردن سووڕاوەتەوە.
ئەمریکا خۆی ئاڵۆزتربوونی دۆخەکە ئامادە دەکات
بەرپرسانی ئیسرائیلی و ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، بڕوایان وایە ئێران بە شێوەی سەربازی وەڵامی ئەم هێرشەی ئیسرائیل دەداتەوە، بەڵام هیوایان وایە هێرشەکە "سنورداربێت و دوو نەیارەکە بەم شێوەیە خۆیان بە یەکسان بزانن."
ئیدارەی بایدن نیگەرانی ئەوەیە ئەگەر تاران وەڵامێکی توندی ئیسرائیل بداتەوە، رەنگە ببێتە هۆی بەرپابوونی جەنگێکی سەرتاسەری لەنێوان ئیسرائیل و ئێران.
سوپای ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا هێزی خۆی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادکرد.
بەرپرسانی ئەمریکی دەڵێن، ئامانج لەوە رێگریکردنە لە وەڵامی ئێران و یارمەتیدانی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی بتوانێت "بەرگری لە خۆی بکات" ئەگەر ئێران هێرشیکی دیکەی مووشەکی کردەسەری.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە بڕیاریاندا سیستمی بەرگریی THAAD بە یەکینەیەکی سەربازییەوە لە ئیسرائیل جێگیربکەن. سەربازانی ئەمریکی کار بە سیستمەکە دەکەن.
واتە ئەگەر جەنگ لە نێوان ئێران و ئیسرائیل رووبدات، سەربازانی ئەمریکی راستەوخۆ لە نێو خاکی ئیسرائیلدا تێیدا بەشدار دەبن.
رۆژی هەینی، چەند کاژێرێک پێش ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکە بکات، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند ژمارەیەک فڕۆکەی ئێف شازدەی لە بنکەی ئاسمانیی شپانگدالم لە ئەڵمانیاوە گواستووەتەوە بۆ سنووری ئۆپەراسیۆنەکانی سێنتکۆم.
هەفتەی رابردوو، ئێف بی ئای دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد لە دزەکردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی هەواڵگریی ئەمریکا کە وردەکاری پلانێکی ئیسرائیلیان تێدابوو بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
دزەپێکردنەکە بە یەکێک لە گەورەترین درزە ئەمنییەکانی نێو هەواڵگریی ئەمریکا دانرا کە لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا هەڵەی وا رووینەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ