رووداو دیجیتاڵ
کابینە راستڕۆکەی نەتەنیاهوو پلانی هەیە "بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ" دابمەزرێنێت. ئەرکەکەی پێشکێشکردنی ئاسانکارییە بۆ ئەو غەززەییانەی کە دەیانەوێت "خۆویستانە" کەرتەکە بەرەو وڵاتێکی دیکە جێبهێڵن.
لە سەرووبەندی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە ئایاری 1948 و بەهۆی تووندوتیژیی گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە لە کۆی ملیۆنێک و 400 هەزاری فەلەستینی زیاتر لە 800 هەزار فەلەستینی ناوچەکانیان جێهێشت و کۆچیان کرد.
ئێستا کۆی فەلەستینییەکان نزیکەی 5.5 ملیۆن کەسن، 3.4 ملیۆنیان لە کەرتی رۆژئاوان و 2.1 ملیۆنیان لە کەرتی غەززەن؛ 6.1 ملیۆن فەلەستینیش لە دیاسپۆران؛ زۆربەیان لە ئوردن، سووریا، لوبنان، میسر و وڵاتانی دیکەی عەرەبی و جیهانن؛ لە کاتێكدا ژمارەی دانیشتووانی ئیسرائیل نزیکەی 9.3 ملیۆن کەسە.
بە درێژایی 77 ساڵی رابردوو، ئیسرائیل لە لایەک رێگری لە گەڕانەوەی فەلەستینییەکانی دیاسپۆرا کردووە و لە لایەکی دیکە گوشارەکانی سەر فەلەستینییەکانی زیادکردووە تاوەکو ناچار بە کۆچکردنیان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا ئیسرائیل لەم خاڵەدا سەرکەوتوو نەبووە.
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە ئیسرائیل بە جیددی بیری لەوە کردەوە دانیشتوانی کەرتی غەززە ناچار بە کۆچکردن بکات.
لەگەڵ هاتنەوەی ترەمپ ئەو بیرۆکەیە کۆنکریتر بوو بە تایبەتی کاتێك پرۆژەی چۆڵکردنی غەززە و بنیاتنانەوەی و دروستکردنی "ریڤیریای رۆژهەڵاتی" خستەڕوو.
لەو کاتەوە کابینە راستڕۆکەی نەتەنیاهوو بە جیددیتر بیری لە دانانی پلان بۆ "دەرکردنی" غەززەییەکان کردووەتەوە، بەڵام ئەمجارە لە بری ئەوەی بە ناچاری بێت، هەوڵ دەدات "خۆویستانە" بێت.
لەو چوارچێوەیەدا، کابینەکەی نەتەنیاهوو "بەڕێوەبەرایەتیی کۆچکردنی خۆویستانە"ی دامەزراندووە.
گوتەبێژێکی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند: "بیرۆکەی دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتییەکە لەسەر بنەمای پێشنیازێكی یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری بووە کە تێیدا باسی لە دامەزراندنی دەستەیەک کرد تایبەت بە کۆچکردنی خۆویستانەی غەززەییەکان بۆ وڵاتانی سێیەم بە رێگەیەکی پارێزراو و بێ کیشە و هەروەها لە ژێر چاودێریشدا بێت".
گوتەبێژەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتیشی: "بەڕێوەبەرایەتییە نوێیەکە دەخرێتە ژێر دەسەڵاتی وەزارەتی بەرگرییەوە".
کەرتی غەززە لە شەڕی 1967دا کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل و تێیدا دەیان کۆمەڵگەی جوونشینیان دروستکرد؛ لە 2005 سوپای ئەو وڵاتە کشایەوە و چۆڵیان کرد، لە سەرەتای 2006دا و لە هەڵبژاردنێكی گشتیدا حەماس بە 44٪ لە بەرامبەر بزووتنەوەی فەتح 41٪، دەسەڵاتی کەرتی رۆژئاوا و غەززەی وەرگرت، بەڵام دواتر پێکدادان لەنێوان هەردوولا روویدا و حەماس غەززەی کۆنترۆڵکرد و فەتحیش کەرتی رۆژئاوا و دوای کەمتر ساڵێک لە 2007وە ئیسرائیل کەرتەکەی خستەژێر گەمارۆیەکی قورس و چڕەوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
ئەو گوتەبێژەی نەتانیاهوو دەڵێت: "بە گوێرەی ئەو پلانەی کە ئەنجوومەنی بچووککراوی کابینەی حکومەت پەسەندی کردووە دەبێت رێگە بە هەموو فەلەستینییەکی غەززە بدرێت خۆویستانە کەرتەکە جێبهێلێت و کۆچ بکات و پێویستە کۆچکردنیان بەگوێرەی یاسای ئیسرائیل بێت و لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکان و روانگەی سەرۆک ترەمپ-یش گونجاو بێت".
پێشنیاز و بیرۆکەکەی ترەمپ رووبەڕووی رەتکردنەوەی وڵاتانی عەرەب بووەوە لە نێویاندا سعودیە، میسر و ئوردن.
بەم دواییەش سوودان و سۆمال پێشنیازی بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیلییان رەتکردەوە بە وەرگرتنی فەلەستینییەکانی غەززە.
تاوەکو ئێستا روون نییە کەی ئەو پلانە جێبەجێ دەکرێت و ئایا چ وڵاتێك تێیدا بەشدار دەبێت.
لە دوای هەڵبژاردنەکەی ساڵی 2006 کە تێیدا حەماس براوە بوو، هیچ هەڵبژاردن یان راپرسییەک نەکراوە سەبارەت بە پێگەی حەماس لە نێو خەڵکدا، بۆیە رێژەی راستەقینەی پەسەندی نەزانراوە؛ هەرچەندە لە میدیا زۆر ئاماژە بە خۆراگری غەززەییەکان دەکرێت و باس لە سووربوونیان دەکرێت بۆ مانەوە لە کەرتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ