رووداو دیجیتاڵ
میدیای فەرمیی ئیمارات رۆژی هەینی رایگەیاند، سەرۆکی ئەو وڵاتە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا "باسیان لە رەهەندی جیاجیای پەیوەندییەکان"ی نێوان هەردوو لا و چۆنیەتی بەرەوپێشبردنیان کردووە بۆ ئەوەی بە جۆرێک بن کە "لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست دا بن."
محەممەد بن زاید ئالنەهیان، سەرۆکی میرنشینە عەرەبییەکە، رۆژی هەینی لە ئەبوزەبی، پایتەختی وڵاتەکەی، پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان کرد.
ئاژانسی هەواڵی ئیمارات لەو بارەیەوە دەڵێت: "سەرۆکی وڵات پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد و پێکەوە باسیان لە رەهەندی جیاجیای پەیوەندییەکان و چۆنیەتیی گەشەپێدان و فراوانکردنی ئاسۆیەکانی پێکەوەکارکردن کرد، بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندیی هەردوو گەلی دۆست دا بن."
هەرێمی کوردستان پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ ئیماراتدا هەیە.
ئەو وڵاتە دەوڵەمەندەی کەنداو، لە دوای تورکیا و ئێرانەوە، سێیەم گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی هەرێمی کوردستانە. بە گوتەی کۆنسوڵەکەی لە هەولێر، پار، ئاڵۆگۆڕی بازرگانیی نێوانیان زیاتر لە نیو ملیار دۆلار بووە.
رۆژی هەینی، دوای کۆبوونەوەکەیان، نێچیرڤان بارزانی، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم بە دووبارە بینینەوەی هاوڕێم، فەخامەتی شێخ محەممەد بن زاید لە ئەبوزەبی."
ئەمە یەکەم سەردانی ئەم ساڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو بۆ ئەو وڵاتە. پار دوو جار لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئالنەهیان و جارێکیش بۆ بەشداریکردن لە پرسەی برای سەرۆکی ئیمارات، سەردانی میرنشینەکەی کردبوو.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بارەی دیداری رۆژی هەینییان دەڵێت: "باسمان لە پەرەسندنەکانی ناوچەکە، بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیمارات و پرسە هەنووکەییەکانی دیکە کرد."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان "بایەخی زۆر بە پەیوەندییە بەهێزەکانی لەگەڵ ئیمارات دەدات."
ئاڵۆگۆڕی ئابووریی نێوان هەولێر و ئەبوزەبی، لە ساڵی 2007، بە وەبەرهێنانی ئیماراتی لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستاندا دەستیپێکرد، کە میرنشینە عەرەبییەکە یەکەمین وڵات بوو لەسەر ئاستی جیهان دەست بە کارکردن لە کێڵگە گازی و نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات.
ئێستاش کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی، رۆڵی سەرەکیی لە بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆری گەورەترین کێڵگەی گازی هەرێمی کوردستان لە چەمچەماڵی پارێزگەی سلێمانیدا دەگێڕێت.
بەڵام ئەحمەد زاهیری، کۆنسوڵی وڵاتە عەرەبییەکە، رۆژی پێنجشەممە بە رووداوی راگەیاند کە پەیوەندییەکان لەو کاتەوە بۆ ئەو دیوی کەرتی وزە گەشەیان سەندووە و ئێستا هەولێر و ئەبوزەبی لە کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاری، پیشەسازی و بازرگانیشدا پێکەوە کاردەکەن.
هەروەها مانگی سووری ئیمارات لە دوای هێرشی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر عێراق و سووریا کە شەپۆڵێکی ئاوەرە و پەنابەرانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێنا، رۆڵێکی گرنگی لە دابینکردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ لێقەوماوان هەبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ