رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، یەکەم فڕۆکەی تورکی کە دەرمان و پێداویستیی پزیشکی تێدایە، گەیشتووەتە میسر، بۆ ئەوەی بگەیێندرێتە کەرتی غەززە.
بەگوێرەی ئەو راگەیێندراوەی لە سایتی فەرمیی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، جگە لەو فڕۆکەیە، تورکیا بەنیازە چوار فڕۆکەی دیکەی پڕ لە یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە بنێرێت.
لای خۆیەوە فەخرەددین کۆجا، وەزیری تەندروستیی تورکیا، لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، رایگەیاندووە، بڕیاریانداوە، چوار فڕۆکەی دیکەی پڕ لە یارمەتیی مرۆیی، رەوانەی میسر بکەن، بۆ ئەوەی لەوێوە بگەیەندرێنە کەرتی غەززە.
فەخرەددین کۆجا رایگەیاندووە، ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە رەوانەی کەرتی غەززەی دەکەن، بریتیین لە دەرمان، پێداویستی پزیشکی و موەلیدەی کارەبا.
رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2023، فڕۆکەیەکی تایبەتی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا کە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانی ھەڵگرتبوو گەیشتە میسر.
شەڕی ئەمجارەی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە بەیانیی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لە بەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی "شمشێرە ئاسنینەکان"ـی راگەیاند.
ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی حەماسەوە، تائێستا هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون، کە 308یان سەرباز بوون و پێنج هەزار و 132 کەسیش بریندار بوون.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین بڵاویکردەوە، تائێستا چوار هەزار و 700 کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، کە هەزار و 873 کەسیان منداڵ و هەزار و 23یان ژنن. هەروەها زیاتر لە 14 هەزار و 245 کەسیش بریندارن.
هەر بە هۆی هێرشەکانی ئیسرائیل 18 رۆژنامەڤان کوژراون. جگە لەوەی کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون و 200 بۆ 250 کەسیش چارەنووسیان نادیارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ