رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرۆکەکانی دەزگای هەواڵگریی دەرەکی (مۆساد) و ئاسایشی ناوخۆ (شاباک)ی ئیسرائیل لە میسرن بۆ ئەوەی بەشداری لە گفتوگۆی ئاگربەستی غەززەدا بکەن.
عومەیر دۆستەری، گوتەبێژی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، دەیڤد بەرنیاع، سەرۆکی مۆساد و رۆنین بار، سەرۆکی شاباک ئێستا لە قاهیرەن بۆ ئەوەی "بەرەو رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان هەنگاوبنێن."
هەوڵدە دیپلۆماسییەکان بۆ رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس بە ئاگربەست چڕبوونەتەوە.
هەفتەی رابردوو، دوای دوو رۆژ دانوستاندن لە دەوحە، نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری گەشبینیی خۆیان بە وەستاندنی شەڕی غەززە دەربڕی.
بەڵام رۆژی پێنجشەممە، گەشبینی و هیوای خەڵکی غەززە بە ئاگربەست کاڵبووەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل بۆردوومانی بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکان چڕکردەوە. ئەمە وێڕای ئەوەی ئەمریکا گوشار لە هەردوولای ئیسرائیلی و حەماس دەکات بۆ ئەوەی لە هەوڵەکانی ئاگربەست پاشەکشە نەکەن.
ئەم چەند رۆژە، دانوستاندنەکان لە قاهیرە بەردەوام دەبن.
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە گەڕایەوە ئەمریکا دوای ئەوەی کە نەیتوانی هیچ وەرچەرخانێک لە گفتوگۆکانی ئاگربەستدا بکات. ئەوە نۆیەمین سەردانی بوو بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززەوە لە 7ی ئۆکتۆبەری پار.
دوای گەیشتنەوەی بلینکن، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کرد بە رێککەوتنی ئاگربەست رازیبێت، جەختیشی لە "پێویستیی تەواوکردنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان" کردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ