ئیسرائیل ئامادەکاریی هێرشکردنە سەر ئێران دەکات

دوێنێ کاژێر 08:40
بژار زوبێر @BBashqaly
سوپای ئیسرائیل.
سوپای ئیسرائیل.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دوو هەفتەیە ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئامادە دەکات. دوو بەڵگەنامەی هەواڵگریی ئەمریکا کە وردەکاریی پلانی هێرشەکەی تێدایە، دزەیان پێکراوە و پێشانیدەدەن، ئیسرائیل مووشەکی بالیستیی دوورمەودای گواستووەتە بنکە ئاسمانییەکانی بۆ ئەوەی بە فڕۆکەی جەنگی لە ئێرانیان بدات. 
 
هەروەها درۆنی پێشکەوتووی ئامادە کردووە کە دەتوانن مەودایەکی دوور و ماوەیەکی درێژ بفڕن بۆ ئەوەی بگەنە ئاسمانی ئێران و دەست بوەشێنن. 
 
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری بە ئیسرائیل دەدات؛ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت: "هەر هێرشێک بۆ سەر ئێران هێڵی سوورە بۆ ئێمە و ئێمە قبوولی ناکەین. هێرش بۆ سەر پێگە ئەتۆمییەکانمان، هەر هێرشێک بکرێتە سەرمان، بە هێرشی هاوشێوە لە لایەن ئێمەوە وەڵام دەدرێتەوە."
 
ئیدارەی بایدن داوای لە ئیسرائیل کردووە خۆی لە هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکان و پێگە نەوتییەکانی ئێران بەدووربگرێت. 
دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا پێیوایە بایدن هەڵەی کردووە و دەبێت ئیسرائیل دەستکراوە بێت. 
 
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەڵێت: "بایدن لە کۆنەوە لە سیاسەتی دەرەوەدا زۆر خراپ بووە؛ لێنەهاتوو بووە. بایدن هەر شتێکی گوت، پێویستە پێچەوانەکەی بکەیت و بەو شێوەیە کارێکی زۆر باش دەکەیت."
 
وێڕای ئەوەی ئیسرائیل بەڵێنی بە ئیدارەی بایدن داوە دەست بۆ بنکە ئەتۆمی و پێگە نەوتییەکانی ئێران نەبات، بەڵام بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان دەریدەخەن، هەواڵگریی ئەمریکا هێشتا نازانێت ئامانجەکانی ئیسرائیل چی دەبن. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە