سوپای ئیسرائیل بە 'دەیان فڕۆکەی جەنگی' باشووری لوبنانی بۆردوومان کرد

21-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بە "دەیان فڕۆکەی جەنگی" چەندین ناوچەی باشووری لوبنانی بۆردوومانکردووە. 
 
میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، چاوەڕێ دەکرێت لە 24 کاژێری داهاتوودا حیزبوڵڵا هێرشی مووشەکیی بەرفراوان بکاتە سەر ئیسرائیل، هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەرپرسانی کابینەکەی لە تەلئەڤیڤ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە کردووە و بڕیاردراوە "هێرشی گەورە" لە دژی حیزبوڵڵای لوبنانی بەردەوامبن. 
 
چەند خولەکێکی کەم دوای کاژێر هەشتی ئەمشەو، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە ماوەی یەک کاژێری رابردوودا، هێرشێکی فراوانمان کردە سەر لوبنان دوای ئەوەی زانیمان حیزبوڵڵا خۆی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادە دەکات."
 
هەگاری ئاماژەی بەوە کرد، "دەیان فڕۆکەی جەنگی" لە هێرشەکدا بەشداربوون، گوتیشی: "400 سەکۆی مووشەکهاوێشتنی حیزبوڵڵامان بۆردوومانکردن".
 
ئەم بۆردوومانە رۆژێک دوای ئەوە دێت کە ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر باشووری بەیرووت و دووەم باڵاترین فەرماندەی سەربازیی حیزبوڵڵا بە ناوی ئیبراهیم عەقیل و چەند فەرماندەیەکی دیکەی کوشتن. هەروەها چەند رۆژێک دوای تەقینەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندیی لە لوبنان دێت کە بوونە هۆی کوژرانی دەیان کەس و برینداربوونی هەزارانی دیکە. 
 
هەگاری لە بارەی هێرشەکەی هەینییەوە گوتی: "دوێنێ ئیبراهیم عەقیل، سەرۆکی ئۆپەراسیۆنەکانی حیزبوڵڵا و 15 کەسی دیکەمان لەنێوبردن."
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل پێیوایە، دەکرێت لە ماوەیەکی نزیکدا "مووشەک لە لوبنانەوە بهاوێژرێن" یان رووبەڕووی "هەڕەشەی دیکە" ببنەوە.
 
باسی لەوەش کرد، یواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بڕیاری داوە بەرەیەکی نوێی شەڕ لە حەیفاوە تا باکووری ئیسرائیل بکاتەوە. 
 
میدیای ئیسرائیلی باس لەوە دەکات، سوپا خۆی بۆ "هەڵچوونی دەستبەجێی" جەنگ ئامادە دەکات.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."