رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
دیمەنی بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە ناوچەیەکی سنووری لوبنان دوای بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆسەری. وێنە: Rabih DAHER / AFP
رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی هەینی هۆشداری دا کە نابێت شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل، لوبنان بکاتە "غەززەیەکی دیکە".
گوتێرێز لە بارەگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک باسی لەوە کرد کە "گوتاری دووژمنکارانەی" هەردوولا دژی یەکدی مایەی مەترسییە، لە کاتێکدا هەردوولا رۆژانە بە تۆپ، مووشەک و درۆن هێرش دەکەنە سەر یەک.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، ئیسرائیل و حیزبوڵڵا سەرکێشی دروستکردنی قەیرانێک دەکەن کە "وێنا ناکرێت."
ئەمڕۆ هەینی، ئیسرائیل بەردەوام بوو لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کە بە گوتەی بەرگریی شارستانیی ناوچە فەلەستینییەکە، لانیکەم پێنج کەس تەنیا لە یەک هێرشی ئاسمانییدا کوژران.
لە سنووری لوبنانیش، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سەرکەوتووانە بەرپەرچی تەنێکی ئاسمانیمان دایەوە کە لە سنووری لوبنانەوە هاتبوو".
بەیانیی رۆژی هەینی، بەرپرسانی لوبنان رایانگەیاند، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر باشووری وڵاتەکەیان.
حیزبوڵڵا رۆژی پێنجشەممەش رایگەیاند، دەیان رۆکێتی ئاراستەی سەنگەرەکانی ئیسرائیل کردووە بۆ ئەوەی تۆڵەی کوژرانی ئەندامەکانی لە هێرشی ئاسمانی ئیسرائیل بکاتەوە.
حیزبوڵڵا رۆژی پێنجشەممەش ژمارەیەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
لەم چەند هەفتەیەی رابردوودا، هێرشەکانی هەردوولا بۆ سەر یەکدی تووندتر بوون.
سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند پلانی هێرشکردنە سەر حیزبوڵڵا "پەسند و پشتڕاستکراوەتەوە."
حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا رایگەیاند، "هیچ شوێنێک" لە ئیسرائیل "لە رۆکێتەکانمان پارێزراو نابێت"، ئەگەر جەنگ رووبدات.
شەڕ و پێکدادانی سنوور لە 7ی تشرینی یەکەمی پارەوە بووەتە هۆی کوژرانی 479 کەس لە دیوی لوبنان کە زۆربەیان چەکدار بوون، بەڵام 93ی سڤیلیشیان لەنێودایە.
لە دیوی ئیسرائیلیش، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی، لانیکەم 15 سەرباز و 11 سڤیل کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ