رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک تەقینەوە لە شاری تەلئەڤیڤی ئیسرائیل روویدا، دوو تەقینەوەش پووچەڵ کرانەوە، پۆلیسی ئیسرائیل دەڵێت، پێدەچێت "هێرشی تیرۆرستی" بێت.
ئێوارەی پێنجشەممە، 20ی شوباتی 2025، سێ تەقینەوە لەنێو سێ پاس لە گەراجێکی پاسەکانی ناوچەیەکی شاری تەلئەڤیڤی روویاندا، تەقەمەنیش لەنێو دوو پاسی دیکەدا دۆزرانەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پووچەڵکرانەوە، پۆلیس دەڵێت ئەو زنجیرە هێرشە "گومانی لێدەکرێت هێرشی تیرۆرستی بن" و کاری گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین بن.
هێرشەکان هیچ قوربانییەکی لێنەکەوتەوە، بەهۆی ئەوەی پاسەکان و گەراجەکە کەسی تێدا نەبووە و کاتی کارکردنی پاسەکان نەبووە.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاکانی پۆلیسی ئیسرائیل، پیلانی هێرشەکان بەوشێوەیە بووە، بۆمبە چێنراوەکانی نێو پاسەکان رۆژی هەینی بتەقنەوە، کاتێک خەڵک بەرەو کارەکانیان دەڕۆن و ئاماژەیان بەوەش کردووە، سەرجەم بۆمبەکان وەکو یەکن.
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، رایگەیاند: "لەدوای زنجیرە تەقینەوەی پاسەکان، سەرۆکوەزیرانی لەگەڵ بەرپرسان هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ئەمنی کردووە. فەرمانی بە سوپا کردووە، ئۆپەراسیۆنێکی چڕی گرووپە تیرۆرستییەکان لە یەهودا و سامیرا [لە کەناری رۆژئاوا]، ئەنجام دەبن، هەروەها سەرۆکوەزیران فەرمانی بە پۆلیس کردووە بۆ فراوانکردنی رێکارە ئەمنییەکان بۆ رێگری لە هەر هێرشێکی دیکە دژی هاووڵاتیانی ئیسرائیل."
لەپاش ئەو زنجیرە تەقینەوە، بەشێک لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆ درا، هاتووچۆی فەلەستینییەکان سنووردار کرا و سێ یەکەی سوپای ئیسرائیلیش رەوانەی ناوچە جیاجیاکانی کەناری رۆژئاوا کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ