حیزبوڵڵا چەکدانان رەتدەکاتەوە

19-04-2025
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسانی حیزبوڵڵا رەتیدەکەنەوە رێگەبدەن گرووپەکە لە چەک دابماڵدرێت. ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمریکا گوشارەکانی بۆسەر حکومەتی لوبنان چڕکردووەتەوە بۆئەوەی گرووپەکە چەک دابنێت.
 
رۆژی هەینی 19ی نیسانی 2025 نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی بە میدیای گرووپەکەی گوت، "رێگە نادەین هیچ کەسێک حیزبوڵڵا یان موقاوەمەی دژی ئیسرائیل لە چەک دابماڵێت."
 
حیزبوڵڵا ماوەیەکی درێژە لە سیاسەتی لوبناندا هێزێکی باڵادەستە، بەڵام بەهۆی شەڕ و پێکدادانیان لەگەڵ ئیسرائیل ماوەی زیاتر لە ساڵێکە بەرەو لاوازی چووە.
 
جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان سەرەتای هەفتەی رابردوو رایگەیاند، دەیەوێت "ساڵی 2025 بکاتە ساڵی سنووردارکردنی چەک"، هەروەها هیواشی خواست کە ئەم ئامانجە لە رێگەی گفتوگۆوە لەگەڵ حیزبوڵڵا بەدەستبێت.
 
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوەش کرد، ئامادەیە گفتوگۆ لەسەر "ستراتیژییەکی بەرگری" بکات، بەڵام بەو مەرجەی "لەژێر گوشاری داگیرکاری ئیسرائیل" نەبێت.
 
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵا سوورە لەسەر ئەوەی، "دەبێت ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بکشێتەوە و دەستدرێژییەکانی بوەستێنێت، دەوڵەتی لوبنانیش دەبێت دەست بە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوە بکات."
 
گوتەکانی نەعیم قاسم چەند کاژێرێک دوای قسەکانی وەفا سەفا، بەرپرسی دیاری حیزبوڵڵا هات، کە رایگەیاند تاوەکو ئیسرائیل بە تەواوی لە خاکی لوبنان نەکشێتەوە، بزووتنەوەکەی ئامادە نییە گفتوگۆ لەسەر چەکدانان بکات.
 
ئەم لێدوانانەی چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە هات، کە بەرپرسێکی دیکەی حیزبوڵڵا رایگەیاند کە گرووپەکە رەتیدەکاتەوە باسی رادەستکردنی چەکەکانی بکات، تاوەکو ئەو کاتەی ئیسرائیل بە تەواوی لە باشووری لوبنان دەکشێتەوە.
 
به‌پێی ئاگربه‌سته‌كه‌ی مانگی تشرینی دووه‌م، ده‌بوو ئیسرائیل هه‌موو هێزه‌كانی له‌ باشووری لوبنان بكشێنێته‌وه‌.
 
به‌ڵام هێزه‌كانی ئیسرائیل له‌ پێنج شوێنی باشووری لوبنان ماون.
 
حیزبوڵڵا تاکە گرووپ بوو، کە دوای کۆتاییهاتنی جه‌نگی نێوخۆی 15 ساڵه‌ی لوبنان لە ساڵی 1990، دەستبەرداری چەکەکەی نەبوو، بەڵکو گوتی ئه‌و چه‌كانه‌ بۆ به‌رخودانی دژی ئیسرائیلن.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەو کاتەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە 27ـی تشرینی دووەمی پار چووەتە بواری جێبەجێکردن، لانیکەم 71 کەسی سڤیل لە لوبنان کوژراون.
 
هەر لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێشتا 92 هەزار لوبنانی ئاوارەن.
 
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، لەو کاتەوەی ئاگربەست دەستیپێکردووە زیاتر لە 120 ئەندامی حیزبوڵڵایان کوشتووە.
 
رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل لەنێوەڕاستی شوباتی ئەم ساڵ کۆتایی هات، بەڵام تاوەکو ئێستا هەردوولا دەستییان بە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورە دژی یەکدی نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان کێن؟ ئەوەی پێویستە لەبارەی ئایینەکەیانەوە بیزانیت

دروزەکان لە ماوەی نێوان ساڵانی 1017-1020ی زایینیدا دەستیان بە بانگەشەکردن بۆ ئایینەکەیان کرد و تاوەکو ساڵی 1043ی زایینی درێژبووەوە. دوای ئەوە دەرگەی داخرا، تایبەت بوو بە ئەوانەی کە لە سەرەتادا باوەڕیان بە ئایینەکە هێنا و کوڕەکانیان و ئەوانەی لێیان لەدایک دەبوون، ئیدی پەیوەندی بە ئایینی دروزییەوە بووە شتێکی قەدەخەکراو، مەگەر لە بنەڕەتدا دروزیی بووبێت.