سوپای پاسدارانی ئێران: بەرەی مقاوەمە وەڵامێکی جەرگبڕی بۆ تەقینەوەی ئامێرەکانی لوبنان دەبێت

19-09-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی بە ئیسرائیل دەدات و دەڵێت، "رووبەڕووی وەڵامی جەرگبڕی بەرەی مقاوەمە دەبێتەوە" دوای ئەوەی هەزاران ئامێری پەیوەندیی لە لوبنان تەقینەوە. 
 
سەرۆکی ئەمریکاش دەڵێت، هێشتا چارەسەری دیپلۆماسی بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا رێی تێدەچێت. هەروەها نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان رایدەگەیێنێت، بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەک، ئەو ئامێرانە پێش ئەوەی بگەنە لوبنان، بۆمبڕێژکرابوون.  
 
ئیسرائیل تاوەکو ئێستا هیچی لە بارەی تەقینەوەکانەوە نەگوتووە، کە لە ماوەی دوو رۆژدا بوونە هۆی کوژرانی 37 کەس و برینداربوونی نزیکەی سێ هەزاری دیکە، بەڵام ئەوەی نەشاردووەتەوە کە مەودای جەنگی غەززە فراوان دەکات بۆ ئەوەی بەرەی لوبنانیش بگرێتەوە. 
 
لە نامەیەکدا بۆ حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای لوبنانی، حوسێن سەلامی، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە: "ئەم کارە تیرۆرستییانە، کە بێگومان بەهۆی بێهیوابوون و شکستە یەک لە دوای یەکەکانی رژێمی زایۆنین، لە ماوەیەکی نزیکدا لە لایەن بەرەی مقاوەمەوە وەڵامێکی جەرگبڕیان دەدرێتەوە."
 
ئەوەی کە بە بەرەی مقاوەمە ناودەبرێت، ئەو گرووپە چەکدارانە لەخۆدەگرێت کە لایەنگری ئێرانن، لەوانەش حیزبوڵلای لوبنانی، حوسیەکانی یەمەن و گرووپە چەکدارەکانی عێراق و حەماسی فەلەستینی. 
 
هەر لە رۆژی پێنجشەممە، کارین ژان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا "هێشتا بڕوای وایە دەکرێت ئەمە چارەسەربکرێت. سەرۆک هێشتا بڕوای وایە کە دەبێت گەشبین بین و چارەسەری دیپلۆماسی باشترین رێگەیە". 
 
لە بارەی ئەو پەیجەر و بێتەلانەی لە گیرفان و دەستی هەزاران کەسدا تەقینەوە، ئەمڕۆ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان لە نامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی دامودەزگەکانی لوبنان گەیشتووەتە ئەنجامەی کە ئامێرەکان پێش ئەوەی بگەنە لوبنان، بۆمبڕێژکراون. 
 
نامەکە دەڵێت: "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی پێشانیدەدات، ئەو ئامێرانەی کراونەتە ئامانج، پێش ئەوەی بگەنە نێو لوبنان، بە شێوەیەکی پیشەگەرانە بۆمبڕێژکراون و لە رێگەی ناردنی نامەی ئەلیکترۆنییەوە بۆیان، تەقێنراونەتەوە." 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."