بلینکن دەڵێت دانوستاندنەکانی ئەم جارە رەنگە دوایین دەرفەتی ئاگربەست بن

19-08-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤەوە هۆشداری دەدات کە رەنگە دانوستاندنەکانی ئەم جارەی غەززە "دوایین دەرفەت" بن بۆ گەڕاندنەوەی بارمتە ئیسرائیلییەکان و وەستاندنی جەنگ؛ هۆشداریش بە هەموو لایەک دەدات کە کارێک نەکەن ببێتە هۆی "تێکچوونی" پڕۆسەکە. 
 
بلینکن بەیانیی ئەمڕۆ لە تەلئەڤیڤ لەگەل ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی، "ئەمە ساتێکی یەکلاییکەرەوەیە، رەنگە ئەمە باشترین و دوایین دەرفەت بێت بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان، بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دانانی هەمووان لەسەر رێگەیەکی باشتر بەرەو ئاشتی و ئاساییشی بەردەوام".
 
ئەمە نۆیەم سەردانی بلینکنە بۆ ناوچەکە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023. 
 
سەردانەکەی ئەم جارەی بلینکن دوای ئەوە دێت کە نێوەندگیرانی ئەمریکی، قەتەری و میسری دوای دوو رۆژ لە دانوستاندن لە دەوحە گەشبینیی خۆیان بە نزیکبوونەوەی ئاگربەست راگەیاند. 
 
بلینکن گوتی، "لەسەر راسپاردەی سەرۆک بایدن، لە چوارچێوەی هەوڵێکی دیپلۆماسیی چڕ لێرەم بۆ ئەوەی هەوڵبدەین ئەم رێککەوتنە بە ئەنجام بگەیێنین و تەواوی بکەین. کاتی ئەوەیە تەواو بێت"؛ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی "هیچ کەس، هیچ هەنگاوێک نانێت کە ببێتە هۆی تێکچوونی ئەم پڕۆسەیە". 
 
هۆشدارییەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەلایەن حەماس، ئوردن و خۆپێشاندەرانی ئیسرائیلییەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی نایەوێت رێککەوتن بکرێت و هەوڵ بۆ شکستپێهێنانی دانوستاندنەکان دەدات. 
 
بەڵام نەتەنیاهوو رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئەوەی "پێداگرە لەسەر رەتکردنەوەی" رێککەوتن حەماسە و گوتی، پێویستە "گوشار لە حەماس بکرێت، نەوەک حکومەتی ئیسرائیل."
 
هێرزۆگ رۆژی دووشەممە تۆمەتەکەی بەرامبەر حەماس دووپاتکردەوە و گوتیشی، ئیسرائیل دەیەوێت "بە زووترین کات" بارمتەکان لە غەززە بگەڕێنەوە. بە گوتەی هێرزۆگ، "هیچ ئامانجێکی مرۆیی، هیچ دۆزێکی مرۆیی لە گەڕاندنەوەی بارمتەکان گەورەتر نییە."
 
ئەو رێککەوتنەی نێوەندگیران بۆ ئیسرائیل و حەماسیان پێشنیازکردووە، یەکەم جار لە 31ـی ئایار لە لایەن بایدنەوە خرایەڕوو. بە گوێرەی پێشنیازەکە، سەرەتا بۆ 6 هەفتە شەڕکردن دەوەستێت و دواتر بارمتە و بەندکراوان ئازاددەکرێن. 
 
لە 7ـی تشرینی یەکەمدا حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت کە هێشتا 72یان بە زیندوویی و 39یان بە مردوویی لە غەززە ماون؛ زیاتر لە 100ی دیکەیان لە ماوەی ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا لە تشرینی دووەم ئازادکران.
 
بەرپرسانی حەماس دەڵێن، ئیسرائیل مەرجی نوێی بۆ پێشنیازەکە زیادکردووە، بۆیە رەتیدەکەنەوە و داوا دەکەن پلانەکەی بایدن وەکو خۆی جێبەجێبکرێت. 
 
هەوڵەکان لە کاتێکدان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەم جەنگەوە بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە کوژراون، 40 هەزار کەسی تێپەڕاندووە کە زۆربەیان ژن و منداڵن. 
 
جەنگەکە دوای هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە دەستیپێکرد؛ لەو رۆژەدا، بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل، لانیکەم هەزار و 139 کەس کوژران کە ئەوانیش زۆربەیان سڤیل بوون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."