لەسەر غەززەی دوای جەنگ ناکۆکی دەکەوێتە نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل

19-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لەسەر چۆنیێتیی بەڕێوەبردنی غەززە لە دوای جەنگ، ناکۆکیی نوێ دەکەوێتە نێوان سەرکردەکانی ئیسرائیل. زیادبوونی هێرشە چاوەڕواننەکراوە پێچەوانەکانی حەماسیش لە هەندێ ناوچەی غەززە، گوشاری لەسەر بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل زیاتر کرد. 
 
زیاتر لە حەوت مانگە جەنگی غەززە بەردەوامە. حەماس توانیویەتی لە باکووری کەرتەکە خۆی رێکبخاتەوە و هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئیسرائیل زیادکردووە، ئەگەرچی پێشتر ئیسرائیل گوتبووی، لەو ناوچەیە حەماسی ریشەکێش کردووە، بەو هۆیشەوە، ناکۆکیی گەورە لەنێو کابینەی جەنگیی ئیسرائیلدا دروستبووە. 
 
رۆژی شەممە، بێنی گانتز، ئەندامی کابینەی جەنگی، راستەوخۆ رەخنەی لە نەتەنیاهوو گرت و هەڕەشەی کرد لە کابینەکە بکشێتەوە ئەگەر پلانێک بۆ بەڕێوەبردنی غەززەی دوای جەنگ پەسند نەکرێت. 
 
هەفتەی رابردوو، یۆواڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری رەخنەی تووندی لە نەتەنیاهوو گرت لە بەرامبەر شکستهێنان لە بەڕێوەبردنی حکومەتی ئیسرائیل لە دوای جەنگی غەززەوە. 
 
نەتەنیاهوو رازی نییە لە دوای جەنگ، هیچ لایەنێکی فەلەستینی کەرتی غەززە بەڕێوەببات، لەسەر ئەوەش ناکۆکی لەنێوان ئەو و سەرکردەکانی دیکەی ئیسرائیل دروستبووە، لەبەر هەمان هۆکار، ئەمریکییەکانیش لێی پەستن.  
 
حەماسیش جەخت دەکاتەوە لەوەی رێگە نادەن بەبێ بەشداریی ئەوان، هیچ دەسەڵاتێکی نوێ لە غەززە دابمەزرێت.
  
مایراڤ زۆنزەین، شرۆڤەکار لە گرووپی قەیرانی نێودەوڵەتی دەڵێت "بێ دیاریکردنی شوێنگرەوەیەک بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە، حەماس بەردەوام دەبێت لە گەشەکردن."
 
ئیمانوێل ناڤۆن، وانەبێژی زانکۆی تەلئەڤیڤە و دەڵێت "ئەگەر حەماس لە غەززە بمێنێت، لێرە و لەوێ دەردەکەونەوە و سوپای ئیسرائیلیش ناچاردەبێت بەدوایان بکەوێت. یان دەبێت حکومەتێکی سەربازیی ئیسرائیلی دابمەزرێنرێت، یان حکومەتێک کە عەرەب سەرکردایەتی بکات."
 
گوشاری ئەمریکا
 
گانتز رۆژی شەممە گوتی، پێویستە کابینەی جەنگی لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ژمارەیەک پلانی جۆراوجۆر ئامادە و پەسند بکات، لەنێویاندا بۆ پێکهێنانی "ئیدارەیەکی ئەمریکی، ئەوروپی، عەرەبی و فەلەستینی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری شارستانیی کەرتی غەززە."
 
هەفتەی رابردوو، گالانت رەخنەی تووندی لە نەتەنیاهوو گرت و داوای لێکرد "بڕیارێک بدات و رایبگەیێنێت کە ئیسرائیل کۆنترۆڵی کاروباری سڤیلی کەرتی غەززە ناکات."
 
نەتەنیاهوو هەروەها لە ژێر گوشاری ئەمریکادایە بۆ ئەوەی خێرا کۆتایی بە ململانێکە بهێنێت و نەهێڵێت بکەوێتە نێو گێژاوی دوورودرێژی شەڕ لەگەڵ حەماس. 
 
واشنتن پێشتر داوای کردبوو دەسەڵاتی فەلەستینی "چالاکبکرێتەوە" بۆ ئەوەی لە پاڵ کەرتی رۆژئاوا، کەرتی غەززەش لە دوای جەنگ بەڕێوەببات. 
 
بەڵام نەتەنیاهوو رەتیکردەوە هیچ رۆڵێک بە دەسەڵاتی فەلەستینی بدرێت، لەبەرئەوەی بە گوتەی خۆی، ئەو حکومەتە "پشتیوانی لە تیرۆر دەکات، تیرۆر پەروەردە دەکات، تیرۆر پارەدار دەکات."
 
لە بری ئەوە، نەتەنیاهوو سوورە لەسەر "لەنێوبردنی" حەماس و دەڵێت "هیچ پێگۆڕێک بۆ سەرکەوتنی سەربازی نییە."
ئەوە لە کاتێکدایە خەریکە نەتەیاهوو متمانە لەدەستدەدات. 
 
بنبەستی بارمتەکان
 
جەنگی غەززە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 هێرشی کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 170 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون. 
 
چەکدارەکان هەروەها نزیکەی 250 کەسیان بە بارمتە گرت، بە گوتەی بەرپرسانی ئیسرائیل، هێشتا 125ـیان لە غەززە ماون. لەو 125ـەش، 37یان گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیلیش بۆ سەر کەرتەکە تاوەکو ئێستا بوونەتە هۆی کوژرانی 35 هەزار و 386 کەس، کە سێ لەسەر چواریان ژن و منداڵن. ئابڵۆقەی ئیسرائیلیش بۆ سەر ناوچە فەلەستینییەکە، برسیێتی و هەڕەشەی قاتوقڕی لەنێو خەڵکەکەیدا دروستکردووە. 
 
ژمارەیەکی زۆری ئیسرائیلییەکان پشتیوانییان لە ئامانجەکانی نەتەنیاهوو دەکرد بۆ ئەوەی تۆڵە لە حەماس بکەنەوە. 
 
بەڵام ئێستا، هیوایان بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان کز بوون و خەریکە ئارامگرییان لە بەرامبەر نەتەنیاهوو نامێنێت. 
 
رۆژی هەینی، سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد تەرمی سێ سەربازیان لە غەززە گەڕاندووەتەوە. رۆژی شەممە، رایگەناد تەرمی بارمتەیەکی دیکەی لە هەمان ئۆپەراسیۆندا گەڕاندووەتەوە.
 
دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل چوونە شاری رەفەحی باشووری غەززە، کە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی فەلەستینی پەنایان بۆ بردووە، گفتوگۆی ئاگربەست کە میسر، ئەمریکا و قەتەر نێوەندگیرییان بۆ دەکرد، بە بنبەست گەیشتوون. 

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."