رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی حەماس ناوی ئەو سێ ژنە بارمتەیەی ئاشکرا کرد کە ئەمڕۆ ئازادیان دەکات و ناوەکانی رادەستی سوپای ئیسرائیل کرد. بەوشێوەیەش ئاگربەستی غەززە لە کاژێر 12:15 خولەکی نیوەڕۆ بەکاتی هەولێر، چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
رۆژی یەکشەممە، 19-1-2025، بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، "وەکو بەشێک لە رێککەوتنی گۆڕینەوەی بارمتەکان بە زیندانییەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە سێ ژنە بارمتە ئازا دەکرێن."
ناوی ئەو بارمتانەی ئەمڕۆ ئازاد دەکرێن:
دۆرۆن ستێینبرێچەری 31 ساڵ، ئێملی داماری 28 ساڵ و رۆمی گۆنێنی 24 ساڵان.
چی دەربارەی دەستگیرکردنی ئەو بارمتانە دەزانین؟
دۆرۆن ستێینبرێچەر، پزیشکی ڤێتێنەرییە و لەکاتی هێرشەکەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر لە شووقەکەی خۆی بووە لە شاری کەفار عیزە.
ئێمڵی داماری، کە هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانیی و ئیسرائیلییە و بەهەمان شێوە لە شاری کەفار عیزە دەستگیر کراوە.
رۆمی گۆنێن، لە فێستیڤاڵی سوپەرنۆڤا بووە کاتێک حەماس هێرشی کردووە. ئەو فێستیڤاڵەی زۆرینەی بەشداربووانی بە سەلامەتیی تێیدا دەرنەچوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، بڕیار وابوو ئاگربەستەکە کاژێر 09:30ـی خولەکی بەیانی بە کاتی هەولێر بچێتە واری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیسرائیل ئەمڕۆ رایگەیاند، بەهۆی دواخستنی ئاشکراکردنی ناوی بارمتەکان، ئاگربەستەکە لە کاتی خۆیدا ناچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
ئاگربەستەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەم: بڕیارە 42 رۆژ بخایەنێت و تێیدا 33 بارمتەی ئیسرائیلی لە بەرامبەر سەدان بەندکراوی فەلەستینی ئازادبکرێن.
هەر لەم قۆناخەدا، سوپای ئیسرائیل وردە وردە لە نێوەڕاستی کەرتی غەززە دەکشێتەوە، ئاوارە فەڵەستینییەکان دەگەڕێنەوە باکووری کەرتی غەززە و رێگە بە رۆیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر دەدرێت، بە جۆرێك کە رۆژانە 600 بارهەڵگر دەچنە نێو غەززە، 50 لەوانە سووتەمەنی دەبەن. لەو 600 بارهەڵگرە، 300یان بۆ باکووری کەرتی غەززە دەچن کە بەهۆی بۆردوومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە تووشی وێرانکاریی گەورە بووە.
بە گوێرەی رێککەوتن، لە قۆناخی یەکەمدا، بڕیارە هەموو بارمتە ژنەکان بە سڤیل و سەربازەوە، هەروەها منداڵانی خوار تەمەن 19 ساڵ و پیاوانی سەروو 50 ساڵ لە لایەن حەماسەوە رادەستی ئیسرائیل بکرێنەوە.
لە بەرامبەردا، ئیسرائیل لە بەرامبەر هەر بارمتەیەکی سڤیل 30 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
لە بەرامبەر هەر ژنە سەربازێک، 50 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات.
بەگوێرەی دەوڵەتی میسر، کە یەکێکە لە سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە، لە قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا 1,890 زیندانی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
قۆناخی دووەم: لە شازدەیەم رۆژی قۆناخی یەکەمی ئاگربەست، دانوستاندن بۆ قۆناخی دووەم دەکرێت. و لە قۆناخی دووەمدا هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن.
ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت.
ئیسرائیل بە تەواوی لە غەززە دەکشێتەوە.
قۆناخی سێیەم: چاوەڕێدەکرێت لە قۆناخی سێیەمدا حەماس تەرمی هەموو ئەو بارمتانە رادەستبکاتەوە کە لە غەززە گیانیان لەدەستداوە.
دەست بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە دەکرێت و میسر، قەتەر و نەتەوە یەکگرتووەکان سەرپەرشتی دەکەن.
وردەکارییەکانی قۆناخی دووەم و سێیەم دواتر لە دانوستاندنەکاندا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ