رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، ئاگربەستەکە کاژێر 09:30 (بەکاتی هەولێر) دەستپێناکات تاوەکو حەماس لیستی بارمتەکان پێشکێش نەکات.
بڕیار بوو کاژێر 09:30ـی بەیانیی ئەمڕۆ بە کاتی هەولێر ئاگربەست لە کەرتی غەززە بچێتە واری جێبەجێکردەوە، کە چاوەڕێ دەکرێت لەدوای چەند کاژێرێک یەکەم کاروانی بارمتەکان لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن، بەڵام نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند ئاگربەست لەکاتی خۆیدا دەستپێناکات، تاوەکو ئەوکاتەی حەماس لیستی ناوی بارمتە ئازادکراوەکانی ئەمڕۆیان پێشکێش نەکات.
لەبەرامبەردا حەماس رایگەیاند "دواکەوتنی لیستەکە، پەیوەندیی بە کێشەی تەکنیکییەوە هەیە."
لە یەکەم قۆناخدا بەگوێرەی میدیای حەماس بەشێکی هێزەکانی ئیسرائیل لە خاڵی سنووری رەفەح کە سنووری نێوان کەرتی غەززە و میسرە، بەرەو رێڕەوی فلادیلفی، کشاونەتەوە.
بەڵام کاژێرێک پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا رایگەیاند، ئاگربەست لەکاتی خۆیدا دەستپێناکات، هەتاوەکو حەماس ناوی سێ بارمەتە ئازادکراوەکەی ئەمڕۆیان پێشکێش نەکات.
لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس جەخت لە پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکە دەکاتەوە، بەڵام دواکەوتنی پێشکێشکردنی لیستی ناوی بارمتەکان، بۆ "هۆکاری تەکنیکیی مەیدانی" دەگەڕێنێتەوە.
زیاتر لە 6 مانگە لایەنەکانی دانوستاندنکار کە بریتیبوون لە هەریەک لە ئەمریکا، قەتەر و میسر، سەرقاڵی هەوڵدان بوون بۆ گەیشنە رێککەوتن و راگرتنی جەنگی غەززە و رازیکردنی ئیسرائیل و حەماس.
ئاگربەستەکەش تەنیا رۆژێک پێش دەستپێکی گەڕی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دێت، کە بڕیارە سبەی وەکو 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا دەستبەکار بێت.
ئاگربەستەکەی کەرتی غەززە، سێ قۆناخە و تائێستا تەنیا رێککەوتن لەسەر یەک قۆناخی کراوە، بڕیارە لە یەکەم قۆناخدا، 33 بارمتە ئازاد بکرێن کە بریتی دەبن لە ئافرەت، منداڵ و کەسانی بەتەمەن، نەخۆش و بریندار. ئیسرائیل دەڵێت ئێستا 98 بارمتەی زیندوو و مردوو لەنێو غەززە دا ماون.
لە بەرامبەردا؛ ئیسرائیل دوو هەزار گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە زۆربەیان بەهۆی کوشتنی هاووڵاتی و سەربازی ئیسرائیلی حوکمی زیندانی دراون، ژمارەیەکیشیان لەو فەلەستینیانەن کە لە جەنگی غەززە دا لەنێو ئەو کەرتە دەستگیرکراون.
لە یەکەم هەنگاودا، بڕیارە لەپاشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە، سێ بارمتەی ژن ئازاد بکرێت و رادەستی رێکخراوی خاچی سوور بکرێن، لەبەرامبەردا 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن.
دوێنێ برێت مەکگۆرک، سەرپەرشتیاری تیمی دانوستاندنکاری ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستەکە، لەدوای 7 رۆژی دیکە، چوار بارمتەی ژن ئازاد دەکرێن و لەدوای ئەویش هەر 7 رۆژ جارێک، سێ بارمتەی دیکە ئازاد دەکرێن.
هەرلەمیانی قۆناخی یەکەمی ئاگربەستەکەدا، سوپای ئیسرائیل لە هەندێک ناوچەی دیاریکراوی کەرتی غەززە دەکشێتەوە و ئاوارەکانی غەززەش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە باکووری کەرتەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ