رووداو دیجیتاڵ
رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی ئوردن رایدەگەیێنێت، ئەو دوو چەکدارەی هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و کوژران، سەر بە ریزەکانی ئەوان بوون.
ئەمڕۆ هەینی 18ی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند "تیرۆریستێک" لە دەریای مردووەوە ویستوویانە بچنە نێو ئیسرائیل و لەلایەن سەربازەکانیانەوە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل گوتیشی، لە ئەنجامی تەقەکردنی دوو چەکدارەکە، سەربازێکیان بە سووکی بریندار بووە.
رێکخراوی ئیخوان موسلیمینی ئوردن بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و گوتی، هێرشکارەکان سەر بە ریزەکانی ئەوان بوون.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشکارەکان "ئەندامی گرووپەکەن و هەمیشە بەشدارییان لە رووداوەکان بۆ هاوسۆزیی خەڵکی فەلەستین و پشتیوانیی بەرخودانی غەززە کردووە."
سەرکردایەتیی بزووتنەوەی حەماس ستایشی هێرشەکەی کرد و بە "پێشهاتێکی گرنگ لە جەنگە بەردەوامەکە" ناوی برد.
سەرکردایەتی حەماس رایگەیاند، ئەو هێرشە پشتیوانیی عەرەبەکان بۆ دۆزی فەلەستینی دووپات دەکاتەوە.
جەنگی بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری 2024 بە هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد، لە هێرشەکەدا 1200 کەسی لە ئیسرائیل کوشت و 250ی دیکەشی بە بارمتە گرت.
ئیسرائیل هێرشی تۆڵەسەندنەوەی راگەیاند و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە، بەگوێرەی تەندروستیی کەرتی غەززە، زیاتر لە 42 هەزار کەس کوژراون؛ ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی 2.3 ملیۆن دانیشتووی کەرتەکە.
هێرشی رێکخراوی ئیخوان موسلیمین دوای رۆژێک لە پشتڕاستکردنەوەی کوشتنی یەحیا سنوار، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دێت.
ئیخوان موسلیمین رێکخراوێکی چەکداری ئیسلامییە و لە ساڵی 1928 لەلایەن حەسەن بەننا لە وڵاتی میسر دامەزراوە.
ئیسرائیل و ئوردن هاوسنوورن، لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا تەنیا دوو هێرش لە ئوردنەوە کراونەتە سەر ئیسرائیل.
مانگێک لەمەوبەر چەکدارێکی ئوردنی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و سێ سەربازی وڵاتەکەی کوشت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ