رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، حەماس تۆمەتبار دەکات بەوەی "سوورە لەسەر رەتکردنەوەی" ئەو رێککەوتنەی کە بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە پێشنیازکراوە.
نەتەنیاهوو داوا دەکات گوشار لە حەماس بکرێت بۆ ئەوەی بە پێشنیازەکە رازیبێت و لە کۆبوونەوەیەکی کابینەکەیدا گوتی: "تاوەکو ئەم ساتەش، حەماس سوورە لەسەر رەتکردنەوە. تەنانەت یەک نوێنەریشی نەناردووە بۆ گفتوگۆکانی دەوحە، بۆیە پێویستە گوشار لە حەماس و [یەحیا] سینور بکرێت، نەوەک حکومەتی ئیسرائیل."
حەماس، ئوردن و خۆپێشاندەرانی ئیسرائیلیش نەتەنیاهوو تۆمەتبار دەکەن بەوەی نایەوێت رێککەوتنەکە بکرێت و بووەتە رێگر لەبەردەم وەستاندنی جەنگ و گەڕاندنەوەی ئەو بارمتانەی حەماس و چەکدارە فەلەستینییەکانی دیکە لە 7ـی تشرینی یەکەم دەستگیریانکردن.
یۆسی، خۆپێشاندەرێکی تەمەن 53 ساڵانی تەلئەڤیڤە کە لەگەڵ هەزاران کەس ناڕەزاییان دژی نەتەنیاهوو دەربڕی، گوتی: "سەرۆکوەزیرانێکمان هەیە کە زۆر حەزی بەوە نییە بارمتەکان ئازادبکرێن و جەنگ کۆتایی بێت، چونکە ئەو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەیە."
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس پێشتر رایگەیاندبوو، لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززەدا گوێ بە "فەرمانەکانی ئەمریکا" نادەن و ئاماژەی بەوە کردبوو، ئەو گەشبینییەی سەبارەت بە دانوستاندنەکان دروستبووە، "خەیاڵە".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلیدا کۆببێتەوە، لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ لە غەززە تەواو بکەن.
بڕیارە وەزیرە ئەمریکییەکە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلیدا کۆببێتەوە پێش ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆی ئاگربەست لە قاهیرە دەستپێبکاتەوە.
نێوەندگیرانی ئەمریکی، قەتەری و میسری رایانگەیاندبوو کە دانوستاندنەکان بەرەوپێشچوونیان هەبووە، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش گوتبووی "ئێمە لە هەر کاتێک زیاتر [لە ئاگربەست] نزیکبووینەتەوە."
بەڵام سامی ئەبو زوهری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو بەرەوپێشچوونەی دوای دانوستاندنی دوو رۆژەی دەوحە باس دەکرێت، "خەیاڵە."
بەرپرسەکە گوتی: "ئەوەی لە بەردەممانە رێککەوتن یان دانوستاندنی راستەقینە نییە، بەڵکو سەپاندنی فەرمانەکانی ئەمریکایە."
هەوڵی مانگەکانی رابردوو سەلماندوویانە کە ئەو گەشبینییەی لەبارەی دانووستاندنەکانەوە باس دەکرێن، شیاوی متمانەپێکردن نییە.
بەڵام ئەم جارە مەترسییەکان گەورەتر و گرژییەکانیش زیاترن، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی تەممووز، فوئاد شوکر، فەرماندەی هەرە باڵای سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری بەیرووت کوژرا و رۆژێک دوای ئەو ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لێ دەکرێت.
هۆکارێکی دیکەی تۆخبوونەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندی شەڕ ئەوەیە کە قەیرانی مرۆیی کەرتی غەززەی ئابلووقەدراو خراپتر بووە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیفلیجیی منداڵان هەیە.
دوای ئەوەی نێوەندگیرەکان رایانگەیاند، پێشنیازێکیان بۆ "لێکنزیککردنەوەی" حەماس و ئیسرائیل و کەمکردنەوەی کەلێنەکان پێشکێش کردووە، حەماس رایگەیاند "مەرجە نوێیەکان"ی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و داوای کرد ئەو پلانەی بایدن لە کۆتایی ئایار خستیەڕوو، وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.
شەوی شەممە بە کاتی واشنتن، پێش ئەوەی بلینکن بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێبکەوێت، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوایکرد "گوشاری قورس" بخرێتە سەر حەماس تاوەکو بە پێشنیازەکە رازیبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ