رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەڵێت، لە دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززەدا گوێ بە "فەرمانەکانی ئەمریکا" نادەن و ئاماژە بەوە دەکات، ئەو گەشبینییەی سەبارەت بە دانوستاندنەکان دروستبووە، "خەیاڵە".
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بڕیارە لە تەلئەڤیڤ لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە، لەکاتێکدا نێوەندگیرەکان هەوڵدەدەن رێککەوتنی وەستاندنی شەڕ لە غەززە تەواو بکەن. ئەمە نۆیەم سەردانی بلینکنە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەدوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی رابردوو.
بڕیارە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل کۆببێتەوە پێش ئەوەی لە رۆژانی داهاتوودا گفتوگۆی ئاگربەست لە قاهیرە دەستپێبکاتەوە.
نێوەندگیرانی ئەمریکی، قەتەری و میسری رۆژی هەینی رایانگەیاند، دانوستاندنەکان بەرەوپێشچوونیان هەبووە. جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش هەمان رۆژ گوتی، "لە هەر کاتێک زیاتر [لە ئاگربەست] نزیکین."
بەڵام سامی ئەبو زوهری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حەماس ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی گوت، ئەو بەرەوپێشچوونەی دوای دانوستاندنی دوو رۆژەی دەوحە باس دەکرێت، "خەیاڵە".
بەرپرسەکەی حەماس دەڵێت، "ئەوەی لە بەردەممانە رێککەوتن یان دانوستاندنی راستەقینە نییە، بەڵکو سەپاندنی فەرمانەکانی ئەمریکایە".
هەوڵی مانگەکانی رابردوو سەلماندوویانە کە ئەو گەشبینییەی لەبارەی دانوستاندنەکانەوە باس دەکرێت، شیاوی متمانەپێکردن نییە.
بەڵام ئەم جارە مەترسییەکان گەورەتر و گرژییەکانیش زیاترن، بە دیاریکراویش دوای ئەوەی لە کۆتایی مانگی تەممووزدا فوئاد شوکر، فەرماندەی هەرە باڵای سەربازیی حیزبوڵڵای لوبنانی لە لایەن ئیسرائیلەوە لە باشووری بەیرووت کوژرا و رۆژێک دواتریش ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس لە تارانی پایتەختی ئێران کوژرا کە ئیسرائیل پێی تۆمەتبار دەکرێت و هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لێ دەکرێت. هۆکارێکی دیکەی تۆخبوونەوەی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ وەستاندنی شەڕ ئەوەیە کە قەیرانی مرۆیی کەرتی غەززەی گەمارۆدراو خراپتر بووە و مەترسیی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ئیفلیجیی منداڵان هەیە.
دوای ئەوەی نێوەندگیرەکان رایانگەیاند، پێشنیازێکیان بۆ "لێکنزیککردنەوەی" حەماس و ئیسرائیل و کەمکردنەوەی کەلێنەکان پێشکێش کردووە، حەماس رایگەیاند "مەرجە نوێیەکان"ی ئیسرائیل رەتدەکاتەوە و داوای کرد ئەو پلانەی بایدن لە کۆتایی ئایار خستیەڕوو، وەک خۆی جێبەجێبکرێت.
شەوی شەممە بە کاتی واشنتن، پێش ئەوەی بلینکن بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێبکەوێت، نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل داوایکرد "گوشاری قورس" بخرێتە سەر حەماس تاوەکو بە پێشنیازەکە رازی بێت.
خۆپێشاندەرانی ئیسرائیلی نەتەنیاهوو تۆمەتباردەکەن بەوەی نایەوێت رێککەوتنەکە بکرێت. یۆسی خۆپێشاندەرێکی تەمەن 53 ساڵانی تەلئەڤیڤە کە شەوی رابردوو لەگەڵ هەزاران کەس ناڕەزاییان دەربڕی و گوتی، "سەرۆکوەزیرانێکمان هەیە کە زۆر حەزی لەوە نییە بارمتەکان ئازادبکرێن و جەنگ کۆتایی بێت، چونکە ئەو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی هەیە."
هێرشی ئاسمانی بۆ سەر غەززە و لوبنان
لەکاتێکدا هەوڵەکانی ئاگربەست بەردەوامن، تووندوتیژی و هێرشی خوێناوی بۆسەر غەززە، کەرتی رۆژئاوا و لوبنانیش بەردەوامن.
میدیای فەلەستینی دەڵێت، لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممەوە 21 کەس لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان باس لەوە دەکات، رۆژی شەممە لە ناوچەی نەبەتیە، 10 سووریایی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا کوژران، لە نێویاندا دایکێک و دوو منداڵی، کە ئەوە لە تشرینی یەکەمەوە، بە یەکێک لە خوێناویترین هێرشەکانی سەر باشووری لوبنان دادەنرێت.
سوپای ئیسرائیل گوتی، لەو هێرشەدا کۆگەیەکی چەکی حیزبوڵڵای کردووەتە ئامانج. لە کەرتی غەززە، لە هەمان رۆژدا لە هێرشێکی ئاسمانیی ئیسرائیلدا 18 ئەندامی یەک خێزان کوژران.
یەکێک لە کەسوکاری کوژراوان بە ناوی عومەر دریملی گوتی، "ئێمە لە شوێنی هەڵگرتنەوەی تەرمەکان هەندێ دیمەنی وێنانەکراوی لاشەی لەتوپەتبوو و سەری وردوخاشبوو و منداڵانی پارچەپارچەبوو دەبینین".
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەو هێرشەدا شوێنێکیان کردووەتە ئامانج کە گوایە مووشەکی لێوە هاوێژراوە.
لەدوای ئەو هێرشە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە لە ناوچە فەلەستینییەکە کوژراون، بەرزبووەوە بۆ 40 هەزار و 74 کەس.
جەنگەکە هەروەها بووەتە هۆی خاپووربوونی زۆربەی هەرە زۆری خانوو و باڵەخانەکانی غەززە و وێرانبوونی کەرتی تەندروستی، کە ئەوەش منداڵانی خستووەتە ژێر مەترسیی چەندین پەتا و نەخۆشی.
رۆژی هەینی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایکرد بۆ ماوەی 7 رۆژ جەنگ بوەستێنرێت تاوەکو تیمەکانی بتوانن ڤاکسینی دژە ئیفلیجبوون لە منداڵان بدەن، ئەوەش دوای ئەوەی تەندروستیی غەززە بۆ یەکەمین جار دوای 25 ساڵ، تووشبوونی منداڵێکی بە نەخۆشییەکە راگەیاند.
"تەواوکردنی رێککەوتن"
ئێران و هاوپەیمانەکانی بەڵێنیان داوە تۆڵەی کوژرانی هەنییە و شوکر لە ئیسرائیل بکەنەوە.
دیپلۆماتانی وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و رۆژئاوایی لە ناوچەکە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاگربەستی غەززە بە ئەنجام بگەیێنن پێش ئەوەی جەنگەکە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی فراوانتر.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بلینکن لە ئیسرائیل هەوڵ دەدات "رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتە و بەندکراوان تەواو بکات."
ئەو رێککەوتنەی کە پێشنیازکراوە، یەکەم جار لە 31ی ئایار لە لایەن بایدنەوە خرایەڕوو. بە گوێرەی پێشنیازەکە سەرەتا بۆ ماوەی 6 هەفتە شەڕکردن دەوەستێت و دواتر بارمتە و بەندکراوان ئازاددەکرێن.
لە 7ی تشرینی یەکەم، حەماس 251 کەسی بە بارمتە گرت کە هێشتا 72یان بە زیندوویی و 39یان بە مردوویی لە غەززە ماون؛ زیاتر لە 100ی دیکەیان لە ماوەی ئاگربەستێکی یەک هەفتەییدا لە تشرینی دووەم ئازادکران.
دیمەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ