رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
ژمارەیەک سەربازی ئیسرائیلی لە غەززە. وێنەکە بۆ روونکردنەوە لەسەر ئەم هەواڵە دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، هەشت سەربازی لە باشووری کەرتی غەززە کوژراون. چاوەڕوان دەکرێت کوشتنی ئەو سەربازانە بانگەوازەکانی ئاگربەست لە نێو ئیسرائیلدا زیاتر بکات.
ئەمە بە گەورەترین هێرشی چەند مانگی رابردوو بۆ سەر سەربازانی ئیسرائیل دادەنرێت. کانوونی دووەمی ئەمساڵ، 21 سەربازی ئیسرائیلی بە یەک هێرش لەلایەن چەکدارانی فەلەستینی لە کەرتی غەززە کوژران.
چەندین مانگە بە نێوەندگیریی قەتەر، میسر و ئەمریکا گفتوگۆ بۆ ئاگربەست دەکرێت، بەڵام تائێستا هیچ رێککەوتنێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیلدا دروست نەبووە.
رۆژی چوارشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، حەماس پێشنیازی کردووە هەندێک گۆڕانکاری لە پلانێکی ئاگربەستدا بکرێت کە ئەمریکا پێشكێشیکردووە.
بلینکن گوتی، بەشێک لەو گۆڕانکارییە پێشنیارکراوانە "دەکرێت کاریان لەسەر بکرێت" و بەشێکی دیکەشیان ناکرێت.
چاوەڕوان دەکرێت کوژرانی ئەو هەشت سەربازەی ئەمڕۆ، مشتومڕی رای گشتیی ئیسرائیل لەسەر بەشدارنەبوونی جووە ئۆرسۆدۆکسەکان لە خزمەتی سەربازیدا، زیاتر بوروژێنێت.
مانگی رابردوو، دادگەی باڵای ئیسرائیل بڕیاری دا یارمەتییەکانی حکومەت لەسەر ئەو پیاوە ئۆرسۆدۆکسانە ببڕێت کە خزمەتی سەربازی ناکەن. بەشدارنەبوونیان لەم جەنگەدا کە هەشت مانگە بەردەوامە، بەشدارنەبوونیان بووەتە هۆی تووڕەبوونی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگەی ئیسرائیلی.
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی حکومەتی ئیسرائیل لە ژمارەیەک پارتی ئۆرسۆدۆکس پێکدێت کە لە مێژە هاوپەیمانی بنیامین نەتەنیاهووی سەرۆکوەزیران بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ