پێشنیازی ئاگربەستی غەززە ئامادەیە؛ ئەو خاڵانەی ئیسرائیل و حەماس لەسەر رێککەوتوون چین؟

14 کاژێر له‌مه‌وپێش
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئیسرائیل و حەماس لە گەیشتن بە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەست نزیکن و بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن، ئاگربەستەکە سێ قۆناخ دەبێت. بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا حەماس 33 بارمتە ئازاد بکات، لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی لە گرتووخانەکانی ئیسرائیل ئازاد بکرێن.
 
رۆژی سێشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2025 میدیای ئەمریکا رەشنووسی رێککەوتنی ئاگربەستی بۆ جەنگی غەززە بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئەو پێشنیازەی ئامادە کراوە و ئەگەر هەردوولا واژۆی لەسەر بکەن، ئاگربەست رادەگەیێندرێت.
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئاگربەستەکە لەسەر بنەمای دەستپێشخەرییەکەی جۆ بایدنە کە لە کۆتایی مانگی ئایاری پار بە زۆرینەی دەنگ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پەسند کرا.
 
بەگوێرەی رەشنووسی پێشنیازەکە، ئاگربەستەکە سێ قۆناخ دەبێت؛ لە یەکەم قۆناخدا ئاگربەست بۆ 42 رۆژ بەردەوام دەبێت. لەو ماوەیەدا حەماس 33 بارمتە ئازاد دەکات، کە لە نێویاندا پێنج ژنە سەربازی ئیسرائیلی هەن. لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد دەکرێن.
 
لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج ژنە سەربازەکە، ئیسرائیل 50 گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکات، کە 30 کەسیان لە گرووپە چەکدارەکانی فەلەستیندا بەرپرسن و سزای زیندانی تاهەتاییان بەسەردا سەپێندراوە.
 
هەر لە قۆناخی یەکەمدا بڕیارە سوپای ئیسرائیل لە ناوەندە سڤیلنشینەکانی کەرتی غەززە بکشێتەوە و فەلەستینییەکانیش رێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان لە باکووری کەرتی غەززە.
 
لەو 42 رۆژەدا هاوکارییە مرۆییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکرێن و بڕیارە هەر رۆژێک 600 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی بچێتە نێو غەززە.
 
لە رەشنووسی پێشنیازەکەدا هاتووە، لە قۆناخی دووەمدا تەواوی بارمتە زیندووەکان ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەردا سەتان گیراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن. حەماسیش جەخت لە کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکاتەوە، بەڵام ئیسرائیل هێشتا بەم داوایەی حەماس رازی نییە.
 
هەربۆیە هێشتا لایەنەکان لەسەر قۆناخی دووەمی پێشنیازی ئاگربەستەکە رێکنەکەوتوون و بڕیارە لە قۆناخی یەکەمدا قسەی زیاتری لەسەر بکەن.
 
قۆناخی سێیەم و کۆتایی ئاگربەستەکەش بریتییە لە رادەستکردنەوەی تەرمی بارمتەکان، لە بەرامبەردا پلانێکی 3 بۆ 5 ساڵەی ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە بە چاودێریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت.
 
جەنگی غەززە زیاتر لە 15 مانگە بەردەوامە و بەگوێرەی بەرپرسانی کەرتی غەززە، ئەو جەنگە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 46 هەزار کەس کە 70%یان ژن و منداڵ بوون، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینییش لە کەرتەکە ئاوارە بوون.
 
ئیسرائیل دەڵێت، لانیکەم 17 هەزار چەکداری حەماسی لەو جەنگەدا کوشتووە و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل کوژرانی 407 سەربازی لەنێو غەززە راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە