رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر کەمپی ئاوارەکانی مەواسی لە باشووری غەززە کوژران بەرزبووەوە و گەیشتە 90 کەس.
وەزارەتەکە لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، زۆربەی کوژراوان ژن و منداڵن.
بە گوێرەی وەزارەتەکە، 300 کەسی دیکەش برینداربوون کە هەندێکیان لە دۆخێکی مەترسیداردان.
سوپای ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو، لەو هێرشەدا محەممەد زەیف، سەرکردەی کەتائیبی قەسامی باڵی چەکداریی حەماسی کردووەتە ئامانج. بەڵام ئەمشەو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، بینیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکیان نییە کە کوژرانی سەرکردەکەی حەماس پشتڕاستبکاتەوە.
حەماس پێشتر رەتیکردبووە هیچ سەرکردەیەکی لەو کەمپە بووبێت.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتبووی: "هێرشی کردوەتە سەر محەممەد زەیف و رافع سەلامە، فەرماندەی یەکینەی خان یوونسی حەماس" لە کەمپی مەواسی.
نەتەنیاهوو لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا هەڕەشەیکرد و گوتی: "سەرکردەکانی حەماس لە هەر کوێ بن دەیاندۆزینەوە، بە هەر باجێک بێت."
نووسینگەی راگەیاندنی کەرتی غەززەش بڵاویکردەوە: "داگیرکاریی ئیسرائیلی هەواڵی ساختە و درۆ بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر تاوانە تۆقێنەرەکەی کەمپی مەواسی لابدات و پاساو بۆ کۆمەڵکوژییەکەی بێنێتەوە."
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ژووری ئۆپەراسیۆنەکان سەرقاڵی ئامادەکردنی وەڵامی ئیسرائیلە لەسەر هێرشەکەی سەر کەمپی مەواسی بۆ ئەوەی وەک بەرگریکردنێک لەو کارەی سوپاکەی، بە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی بدات.
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە خەڵکی غەززە کردبوو ژمارەیەک ناوچە چۆڵبکەن و بچن بۆ ئەو ناوچانەی خۆی بۆیانی دیاریکردون. سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوەکەیدا نکۆڵی لەوە ناکات کە کەمپی مەواسی یەکێکە لەو شوێنانەی بە ناوچەی ئارام پۆلێنیکردبوو.
هاوکات لەگەڵ هێرشەکەی سەر کەمپی مەواسی، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی کردە سەر کەمپی شاتی لە رۆژئاوای شاری غەززە و لەوێش، بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی ناوچە فەلەستینییەکە، 15 کەس کوژران و 20 کەسی دیکەش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ