رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی سووریا دەڵێت، مەرجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی تورکیا ئەوەیە کە ئەو وڵاتە هەموو هێزەکانی لەنێو سووریا بکشێنێتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، دیمەشق بەدەم "دەستپێشخەرییەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا"وە چووە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە هەردەستپێشخەرییەک پێویستە "لەسەر بناخەی روون" بێت، "لە سەرووی هەموویانەوە کشانەوەی ئەو هێزانەی بە شێوەیەکی ناڕەوا لە خاکی سووریادان، هەروەها بەرەنگاربوونەوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە نەوەک تەنیا هەڕەشە لە ئاسایشی سووریا دەکەن، بەڵکو هەرەشە لە ئاسایشی تورکیاش دەکەن".
رۆژی پێنجشەممە، 11-7-2024 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە لووتکەی ناتۆ لە واشنتن گوتی، دوو هەفتە لەمەوبەر داوای لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کردووە کە بۆ کۆبوونەوەی نێوانیان یان بڕوات بۆ تورکیا یانیش لە وڵاتێکی سێیەم یەکدی ببیبنن و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەیشی راسپاردووە کە بەدواداچوون بۆ بابەتەکە بکات.
رۆژی هەینی، 12-7-2024 فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتنی راگەیاند، حکومەتی عێراق دەستپێشخەری کردووە بۆ ئەوەی بەرپرسانی تورکیا و سووریا لە بەغدا کۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان بکەن، بەڵام گوتی، هێشتا کاتی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە و روونیشی نەکردووە کە ئایا لەسەر ئاستی سەرکردایەتی دەبێت یان وەزاری.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا لە راگەیێندراوەکەی رۆژی شەممەیدا دەڵێت: "کۆماری عەرەبیی سووریا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ وڵاتانی برا و دۆست دەردەبڕێت کە هەوڵی دڵسۆزانە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سووریا و تورکیا دەدەن."
وەزارەتەکە دووپاتیدەکاتەوە کە "گەڕانەوەی پەیوەندیی ئاسایی لەنێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای گەڕانەوەی دۆخی پێش ساڵی 2011 دەبێت،" واتە دۆخی پێش جەنگی نێوخۆی سووریا کە لەو ساڵەدا سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد سەریهەڵدا.
دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 شەڕی نێوخۆی سووریا دەستیپێکرد، تورکیا پشتیوانی لەو گرووپە چەکدارانە کرد کە هەوڵی رووخاندنی ئەسەدیان دەدا. ئەنقەرە هێشتاش هێزی لە ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان و سووریادا هەیە کە دیمەشق بە تووندی دژی ئەوەیە و داوای کشانەوەی تەواوەتییان دەکات.
ئەمە یەکەم جار نییە هەوڵ دەدرێت پەیوەندیی نێوان دوو وڵاتە دراوسێیەکە ئاسایی بکرێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی پێشوو شکستیان هێنا.
لە دوایین گفتوگۆکان چی روویدا؟
رووسیا کە یەکێکە لە پشتیوانە هەرە گەورەکانی حکومەتەکەی ئەسەد و پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە، لە رابردوودا هەوڵی بۆ لێکنزیکردنەوەیان داوە.
لە کانوونی یەکەمی 2022دا وەزیرانی بەرگریی تورکیا، سووریا و رووسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە کە ئەوە یەکەمین کۆبوونەوە بوو لە ساڵی 2011ـەوە وەزیرانی دوو وڵاتە دراوسێیەکەی کۆکردبێتەوە.
رووسیا پاریش نێوەندگیری بۆ کۆبوونەوەی بەرپرسانی هەردوولا کرد.
بەڵام گفتوگۆکان چەقیان بەستووە. بەرپرسانی سووریاش بەردەوام بە ئاشکرا هێرشی تووند دەکەنە سەر تورکیا لە بەرامبەر نەکشانەوەی هێزەکانی لە سووریا. ئابی پار، ئەسەد لە هەڤپەیڤینێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، مەبەستی ئەردۆغان لە دەستپێشخەرییەکانی بریتییە لە "رەوایەتیدان بە داگیرکاریی تورکیا لە سووریا."
ئێستا چی گۆڕاوە؟
ئەم جارە رووسیا بە تەنیا نییە لە نێوەندگیریکردن بۆ گفتوگۆی نێوان تورکیا و سووریا، بەڵکو عێراقیشی لەگەڵدایە.
عێراق پێشتر نێوەندگیری لەنێوان سعودیە و ئێرانیشدا کردبوو.
فوئاد حوسێن کە بۆ بەشداریکردن لە لووتکە سێ رۆژییەکەی ناتۆ لە واشنتن بوو، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە وەڵامی پرسیارێکی رووداودا گوتی: "دەستپێشخەرییەکی عێراقی بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان هەیە، واتە هەردوو لایەنی سووری و تورکی لە بەغدا،" هەروەها گوتیشی: "رێککەوتنێکی سەرەتایی لەسەر کۆبوونەوەکە کراوە، بەڵام کات و وادەی کۆبوونەوەکە دیارینەکراوە. گەڕامەوە بەغدا، کاتێکی بۆ دیاری دەکەین."
وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاند: "لەسەر ئاستی سەرکردایەتی، پەیوەندییەکان بەردەوامن لەنێوان لایەنی عێراقی و لایەنی تورکی، هەروەها لەنێوان لایەنی عێراقی و لایەنی سوورییدا"؛ گوتیشی :"کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریادا هەبووە، بە هەمان شێوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیاشدا."
ئارۆن لوند، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی سێنچری ئینتەرناشناڵ کە بارەگەی سەرەکی لە نیویۆرکی ئەمریکایە، دەڵێت، دەکرێت عێراق دەستپێشخەرییەکە وەک رێگەیەک بەکاربێنێت بۆ کەمکردنەوەی ئەو گوشارەی تورکیا کە بۆ شەڕی دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر بەغدا دروستیکردووە.
توێژەرەکە پێیوایە، بە نزیککردنەوەی لە سووریا، رەنگە بەغدا هەوڵبدات "جۆرێک لە هاوئاهەنگیی ئەرێنی لەگەڵ تورکەکاندا دروستبکات و هەڕەشەی لەشکرکێشی کەمبکاتەوە."
بەهۆی جەنگی غەززەوە، دۆخی جیۆسیاسیی ناوچەکەش گۆڕانی بەسەردا هاتووە و مەترسی فراوانبوونی جەنگەکە لە ئارادایە.
ئۆزگور ئونلونهیشارچکلی، لێکۆڵینڤانی بواری تورکیا دەڵێت، رەنگە هەردوو وڵاتەکە هەست بە نائارامی بکەن و بیانەوێت هاوپەیمانیی نوێ دروستبکەن بۆ ئەوەی کاریگەرییە هەرێمییەکانی جەنگەکە زیانیان پێ نەگەیێنێت.
تورکیا و سووریا چییان دەوێت؟
ئونلونهیشارچکلی پێیوایە، هاندەری پشت ئەم ویستەی ئەردۆغان بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەسەد، زیادبوونی دژایەتیی پەنابەرانی سووریاییە لەنێو خەڵکی تورکیادا.
بە گوتەی خۆی، رەنگە ئەردۆغان بیەوێت ئەوە دەرگا بۆ گەڕانەوەی 3.6 ملیۆن پەنابەری سووریایی بکاتەوە کە ئێستا لە تورکیا دەژین.
بۆ سووریاش، گەڕانەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بۆ باری ئاسایی هەنگاوێکی دیکە دەبێت لە کۆتاییهێنان بە پەراوێزخستنی سیاسییانەی بەشار ئەسەد.
هەروەها وێڕای ئەوەی ناکۆکییان لەسەر مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا هەیە، دیمەشق و ئەنقەرە هەردووکیان لە بەرژەوەندیی خۆیانیدا دەبینن کە کۆسپ بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دروستبکەن کە بەشێکی گەورەی رۆژئاوای کوردستان و چەند ناوچەیەکی باکووری سووریا لەخۆدەگرێت و لە لایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ