فەرەنسا: پێویستە ئیسرائیل لە خاکی سووریا بکشێتەوە

12-12-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فەرەنسا داوا دەکات، ئیسرائیل لە ناوچەی لە چەکداماڵدراوی بەرزاییەکانی گۆلان بکشێتەوە، کە خاکی سووریا و گۆلان جیادەکاتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11-12-2024، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "ناردنی هەر سەربازێک بۆ ناوچەی لە چەکداماڵدراوی نێوان سووریا و بەرزاییەکانی گۆلان، پێشێلکردنی رێککەوتنی 1974ـی نەتەوە یەکگرتووەکانە."
 
رۆژی 08-12-2024 دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) دیمەشقیان گرت و حکومەتی بەشار ئەسەدیان رووخاند؛ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانیکرد، سوپای ئیسرائیل بچێتە ئەو ناوچەیە و کۆنتڕۆڵی بکات. ئەمە لە کاتێکدایە، هێزە ئاشتیپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو شوێنەن.
 
ساڵی 1967 ئیسرائیل لە جەنگێکی شەش رۆژە، بەرزاییەکانی گۆلان کە ئەوکات لە خاکی سووریا بوو، کۆنتڕۆڵکرد؛ لە ساڵی 1974 ناوچەیەکی لە چەکداماڵدراو لە نێوان گۆلان و خاکی سووریا دروستکرا، کە 80 کیلۆمەتر درێژە. 
 
لە ساڵی 1981 ئیسرائیل بە فەرمی رایگەیاند، کە گۆلان بە خاکی خۆیەوە دەلکێنێت، تاوەکو ئیستا تەنیا ئەمریکا دانی بەوەدا ناوە. ئێستا ئیسرائیل 70٪ـی گۆلانی بەدەستەوەیە کە یەکسانە بە 1200 کیلۆمەتر چوارگۆشە. نزیکەی 45 ئۆردووگای جوونشین لە گۆلان هەن کە نزیکەی 25 هەزار جوو لەخۆ دەگرن.
 
ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: "فەرەنسا داوا لە ئیسرائیل دەکات لەو زۆنە بکشێتەوە و رێز لە سەروەریی و سەلامەتیی خاکی سووریا بگرێت."
 
زۆنەکەی نێوان سووریا و گۆلان لەلایەن هێزێکی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەپارێزرێت بە UNDOF ناسراوە.
 
بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت گوتی: "هێزەکانی ئیسرائیل حەوت پێگەیان لەو ناوچەیە داگیرکردووە."
 
جگە لە فەرەنسا؛ هەریەک لە سعودیە، ئێران، رووسیا و تورکیا ئەو هەنگاوەی ئیسرائیلیان سەرکۆنە کردووە. ئەمریکاش رایگەیاندووە، لەشکرکێشییەکەی ئیسرائیل "کاتی" دەبێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە