نەتەنیاهوو: حووسییەکان تووشی هەمان چارەنووسی... | رووداو.نێت

نەتەنیاهوو: حووسییەکان تووشی هەمان چارەنووسی گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکە دەکەین

22-12-2024
نیاز مستەفا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەڕەشە لە حووسییەکانی یەمەن دەکات و دەڵێت، ئەوەی بەسەر گرووپە "تیرۆرستییەکان"ی دیکەیان هێنا، بەسەر ئەوانیشدا دێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 22ی کانوونی یەکەمی 2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی: "وەکو چۆن بەهێزەوە رووبەڕووی گرووپە تیرۆریستییەکانی هێڵی خراپەکاریی ئێران بووینەوە، هەمان کار دژی حووسییەکانیش دەکەین.. بۆیە بەهێز و وریایی و وردییەوە کاردەکەین. تەنانەت ئەگەر کاتی زۆریش بخایێنێت، ئەنجامەکانی هەمان ئەنجامی گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکە دەبێت." 
 
ئەو گوتانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاتێکدان لە دوو هەفتەی رابردوودا حووسییەکانی یەمەن هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە. 
 
لە گوتەکانیدا سەبارەت بە هێرشکردنە سەر حووسییەکان، نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەش کرد، "لەم کارە تەنیا نین. ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی دیکەش حووسییەکان وەکو مەترسییەک نەک تەنیا بۆ سەر گواستنەوەی دەریایی نێودەوڵەتی بەڵکو سەر سیستەمی جیهانیش دەبینن." 
 
زیادبوونی هێرشی حووسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل 
 
دوێنێ، سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، "درۆنێک کە لە رۆژهەڵاتەوە هاتبووە نێو خاکی ئیسرائیلەوە، لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلەوە خرایە خوارەوە". بەو هۆیەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لە کۆمەڵگەکانی گڤولۆت، تەلمەی ئیلیاهو و ئینهابسۆر لێدرا. 
 
ئەو سێ کۆمەڵگەیەی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی پێکردوون کەوتوونەتە نزیک سنووری کەرتی غەززە.
 
ئەو راگەیێندراوەی سوپای ئیسرائیل دوای ئەوە بوو کە حووسییەکانی یەمەن بڵاویانکردەوە، توانیویانە بە مووشەکێکی بالیستی بنکەیەکی سەربازیی ئیسرائیلی لە ناوچەیەکی سەر بە تەلئەڤیڤ بپێکن. 
 
هەمان رۆژ سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تەلەگرام بڵاویکردبووەوە: "زەنگی ئاگادارکردنەوە لە نێوەڕاستی ئیسرائیل لێدرا. مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستەکرابوو، دەستنیشانکرا، بەڵام هەوڵی خستنەخوارەوەی شکستیهێنا." 
 
لەبارەی ئەو شوێنەی کە مووشەکەکە تێیدا کەوتووەتە خوارەوە، پۆلیسی ئیسرائیل گوتی: "لە یەکێک لە کۆمەڵگەکانی سەر بە تەلئەڤیڤ کەوتووەتە خوارەوە."
 
بەگوێرەی میدیای ئیسرائیل، مووشەکەکە لە شارۆچکەی بەنی بەراک لە رۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ کەوتووەتەوە خوارەوە. دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، 16 کەس برینداربوون و گوتیشی: "تیمی فریاگوزاری لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری خەڵکی کردووە."
 
بە گوێرەی سوپای ئیسرائیل و راگەیێندراوی حووسییەکانی یەمەن، لە دوو هەفتەی رابردوودا حووسییەکانی یەمەن چوار جار بە مووشەک و درۆن هێرشیانکردووەتە سەر ئیسرائیل، ئەویش رۆژی 19ی ئەم مانگە، بە بۆردوومانێک بۆ سەر ژمارەیەک ئامانج وەڵامی دانەوە. 
 
هەر دوای هێرشەکە، ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند: "ئەمشەو جارێکی دیکە هێرشمانکردە سەر ژمارەیەک ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی حوسی لە یەمەن. ئامۆژگاری سەرکردەکانی حووسییەکان لە یەمەن دەکەم ببینن، تێبگەن و لەبیریان بێت هەر کەسێک دەستی لە ئیسرائیل بەرز بکاتەوە، دەستی لەبندا دەبڕینەوە." 
 
بەگوێرەی میدیای حووسییەکان، لە هێرشەکەدا دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە دەورووبەری سەنعا و بەندەی حودەیدییە و دامەزراوەیەکی نەوت کراونەتە ئامانج. بەهۆی هێرشەکانەوە نۆ کەس کوژراون و سێی دیکەش بریندار بوون. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمە لە وەڵامی هێرشەکانی حووسییەکان بووە. هەمان رۆژ، دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە 14 مانگی رابردوودا، رژێمی تیرۆری حووسیی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێرانەوە سەدان هێرشی بە مووشەک و درۆن کردووەتە سەر ئیسرائیل. ئەمە چەند بارە بووەتەوە."
 
هێرشەکان لە دەستپێکەوە تاوەکو سەرەتای کانوونی یەکەمی 2024
 
هێرشەکانی حووسییەکانی یەمەن و ئیسرائیل و هێرشەکانیان بۆ سەر یەکدی لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە بەهۆی جەنگی غەززەوە زیادیان کرد. حووسییەکان ئامانجیان بوو لەم کارەیان پاڵپشتیی غەززە لە جەنگی دژی ئیسرائیل بکەن. 
 
بە گوێرەی میدیای ئیسرائیلی، لە تشرینی دووەمی رابردووەوە بۆ نێوەڕاستی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ، ئیسرائیل لانیکەم سێ جار لە حووسییەکانی داوە، ئەوانیش 200 مووشەک و 170 درۆنیان ئاڕاستەی ئەو وڵاتە کردووە. 
 
حووسییەکانی یەمەن کێن؟ 
 
حووسییەکان گرووپێکی چەکداری یەمەنین کە ساڵی 1990 دامەزراوە. لە ساڵی 2014ـەوە کۆنترۆڵی باکوور و رۆژئاوای وڵاتەکەی کردووە، بەشی باشوور و رۆژهەڵاتیشی لەژێر کۆنترۆڵی ئەو حکومەتەدایە کە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا ندراوە. 
 
گرووپەکە بە نزیک لە ئێران دادەندرێت و نزیکەی 200 هەزار چەکداری هەیە. ئەمە جگە لە هەبوونی مووشەک، مووشەکی بالیستی، درۆن و چەندین جۆر چەکی دیکە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە