رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، ئامادەن لەڕووی ئاسایش و ئابوورییەوە ئەزموونەکانیان لەگەڵ سووریا بەش بکەن. دەشڵێت، ''بانگی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بۆ پاڵپشتی لە مافی گەلی سووریا."
جەودەت یڵماز، یاریدەدەری سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە (22-12-2024) لە هەژماری خۆی لە ئێکس رایگەیاند، ''وەک چۆن پێشتر لە دژوارترین کاتەکاندا پشتیوانیی برا سووریاییەکانمان بووین، لە پرۆسەی نوێی بووژاندنەوەشدا پشتیوانی تەواوی گەلی سووریا دەبین.''
یڵماز ئاماژەی بە سەردانەکەی هاکان فیدان بۆ شام کرد و گوتی، ''ئەمە نیشانەی دۆستایەتی و برایەتیی نێوان وڵاتەکانمانە.''
یاریدەدەرەکەی ئەردۆغان بە ئاماژەدان بەوەی سووریای داهاتوو دەبێتە مایەی ئاسوودەیی تورکیا، گوتی "سووریا لە حکومەتی نوێدا هەموو پێکهاتە ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەییەکان لەخۆدەگرێت. ئەو سووریایەی ئێمە باوەڕمان پێیەتی، (ئەگەر) بەخێرایی ببووژێتەوە و سەقامگیر بێت، سەرەتا بۆ گەلی خۆی، دواتریش دەبێتە مایەی ئاسوودەیی و خۆشگوزەرانیی تەواوی ناوچەکە، لەسەرووی هەموویانەوە تورکیا.''
بەرپرسە تورکیاییەکە جەختی لەوە کردەوە، ئەوان بانگەواز لە هەموو رێکخراوە نێودەوڵەتی و وڵاتانی دۆستیان دەکەن، پاڵپشتی لە مافەکانی گەلی سووریا بکەن و گوتی، ''خاکی سووریا کە لە پێکهاتە تیرۆریستییەکانی وەک پەکەکە و داعش پاکبێتەوە، بە یەکپارچەیی و سەروەرییەکەی دەبێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش، نەوەک ژینگەی هەڕەشە.''
ئەو، پێداگریی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە و گوتی، ''رووبەڕووی هەموو هەوڵێک کە سەقامگیریی سووریا بشێوێنێت دەوەستینەوە، لەسەرووی هەموویانەوە داگیرکارییە نایاساییەکەی ئیسرائیل.''
یاریدەدەری ئەردۆغان لەبارەی پەنابەرانی سووریاوە گوتی، ''گەڕانەوەی سووریاییەکان بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، سەقامگیرانە و شکۆمەندانە بۆ زێدی خۆیان، لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەبێتە رێگەخۆشکەر بۆ پەیوەندیی بەهێز''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ