پێنجەم سەربازی هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان برینداربوو

12-10-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفیڵ) دەڵێت، سەربازێکی دیکەیان بە تەقەی لایەنێکی نەزانراو برینداربووە، کە ئەوە دەبێتە پێنجەم سەربازی هێزەکە لە دوای هێرشی زەوینیی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان برینداربێت. 
 
یونیفیڵ لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا دەڵێت، "شەوی رابردوو سەربازێکی ئاشتیپارێز لە بارەگەی یونیفیڵ" لە ناقوورەی باشووری لوبنان "بەهۆی جموجووڵی سەربازیی بەردەوام لە نزیک شوێنەکە، گوللــەیەکی بەرکەوت. هێشتا نازانین گوللـەکە لە کوێوە هاتووە". 
 
لە دوو رۆژی رابردوودا و لە بەرامبەر بریندارکردنی چوار سەربازی هێزە نێونەتەوەییەکە، وڵاتانی ئەورووپا هێزەکانی ئیسرائیلیان سەرکۆنەکرد و داوای لێکۆڵینەوە و روونکردنەوەیان لە ئیسرائیل کرد. 
 
رۆژی هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکان کردووە، دانیشی بەوە دانا کە رۆژی پێنجشەممە گوللـە تانکێکیان بەر تاوەرێکی بارەگەی یونیفیڵ کەوتووە لە ناقوورە کە بووە هۆی برینداربوونی دوو سەرباز.
 
سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکرد، رۆژی هەینی هێرشیان کردووەتە سەر "هەڕەشەیەکی مسۆگەر" کە تەنیا 50 مەتر لە پێگەیەکی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بووە، کە ئەویش بە هەمان شێوە برینداربوونی دوو سەربازی ئاشتیپارێزی لێکەوتەوە. 
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نزیکەی 10 هەزار سەربازی چەندین وڵات، پاسەوانی لە سنووری لوبنان دەکەن کە ئێستا کەوتووەتە بەر هێرشی ئاسمانی و زەوینیی ئیسرائیل.
 
ئەندریا تێنێتی، گوتەبێژی هێزەکە ئەمڕۆ رایگەیاند، کارکردنیان "زۆر زەحمەت بووە، چونکە زیانێکی زۆر تەنانەت بە ناوەوەی بنکەکانیش کەوتووە".
 
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشکرد، مەترسی هەیە "لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا شەڕەکە بگۆڕدرێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی کە کاریگەریی کارەساتباری لەسەر هەموو کەسێک دەبێت". 
 
گوتەبێژەکە گوتی، ئیسرائیل داوای کردووە ئاشتیپارێزەکان پێگە و بارەگاکانیان لە باشووری لوبنان چۆڵ بکەن و 5 کیلۆمەتر بکشێنە دواوە، "بەڵام بە کۆی دەنگ بڕیاردرا لە شوێنەکانمان بمێنینەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی کەجەکە

جەمیل بایک: دوای سووریا نۆرەی عێراقە

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، عێراق زۆرترین کاریگەریی پێشهات و رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی لەسەرە، دەشڵێت "دوای سووریا، نۆرەی عێراقە."