رووداو - دوبەی
سەرۆکی زانکۆی کالیفۆڕنیا پێیوایە، تەکنەلۆژیا و ژیریی دەستکرد هەمیشە هەڕەشەن بۆسەر مرۆڤ، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەکرێت کەڵکیان لێ وەربگیرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە پرادیک کۆسلا، سەرۆکی زانکۆی کالیفۆڕنیا لە سان دیاگۆ، لە پەراوێزی کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی، وەڵامی چەند پرسیاێکی هاوار عەبدولڕەزاق، نێردراوی رووداوی دایەوە.
پرادیک کۆسلا کە هاوکات شارەزای ژیریی دەستکردیشە، لەبارەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا گوتی، "ئەو شێوازەی کە سەرکردایەتی دوبەی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنێت، زۆر سەرنجی راکێشام. ئەوان ژیریی دەستکرد بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان، بۆ بنیاتنانی شارەکان و بنیاتنانی ژێرخان بەکاردەهێنن. بۆیە ئامانجی هاتنە ئێرەم ئەوەیە پەیوەندییەکی قووڵتر دروست بکەم، لەگەڵ کەسانی دیکە کۆببمەوە و تێبگەین کە چۆن دەتوانین یارمەتیی حکومەت بدەین."
لەبارەی مەترسییەکانی ژیریی دەستکرد بۆسەر مرۆڤ و سوودەکانیشی، کۆسلا گوتی، "پێموایە ژیریی دەستکرد خاڵێکی وەرچەرخانی لە تەکنەلۆژیا دروستکرد. هەمیشە هەموو تەکنەلۆژیاکان هەڕەشە دروست دەکەن؛ تەکنەلۆژیای ناوەکی خاڵێکی وەرچەرخانە و دەتواندرێت هێزێکی بێسنووری لێ وەربگیرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڕەشەی بۆمبی ئەتۆمیشی دروست کردووە. چەقۆ سوودبەخشە و دەتوانیت میوەی پێ قاش بکەیت، هەڕەشەکەشی ئەوەیە کە دەتوانیت بۆ بەرچەقۆدانی خەڵک بەکاریبهێنیت. هەر شتێک کە دەیکەین هەڕەشەی خۆی هەیە، ئەوە هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی شتەکان بەرەوپێشەوە نەبەین."
پرادیک کۆسلا گوتیشی، "ئەوەی ژیری دەستکرد، کۆمپیوتەر و کۆمپیوتەری کوانتۆم دەیکەن یارمەتیمان دەدەن بۆ ئەوەی داتاکان رێکبخەینەوە و دیدگە دروست بکەین. ئێمەش وەکو مرۆڤ لەسەر بنەمای دیدگە دەتوانین بڕیار بدەین و رێگە بە ژیریی دەستکرد نەدەین بڕیار بدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ