بەرپرسێکی پێشووی لوبنان بۆ رووداو: جەنگ 25 بۆ 30 ملیار دۆلار زیانی پێگەیاندین

12-02-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
ئەمین سەلام، وەزیری پێشووی ئابووری و بازرگانی لوبنان.
ئەمین سەلام، وەزیری پێشووی ئابووری و بازرگانی لوبنان.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری پێشووی ئابووری و بازرگانیی لوبنان دەڵێت، لە پێنج ساڵی رابردوودا لوبنان بە کاتێکی سەختدا تێپەڕیوە، بەتایبەت لە دوای داڕووخانی ئابووری، "دوای جەنگەکە ژمارەیەکی زۆر شار و گوند وێران کران و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش ئاوارە بوون".
 
ئەمین سەلام، وەزیری پێشووی ئابووری و بازرگانی لوبنان، لە پەراوێزی کۆڕبەندی لووتکەی حکومەتەکان لە دوبەی قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی: "جەنگەکە هاتە سەر ئەو ژمارە ئاڵنگارییانەی کە ئێمە رووبەڕووی بووبووینەوە".
 
ئەمین سەلام دەڵێت: "ئەمڕۆ لوبنان سەرۆکێکی نوێی هەیە و چەند رۆژێک لەمەوبەر حکومەتی نویێ لوبنان پێکهێنرا. هەروەها لوبنان پاڵپشتییەکی زۆری نێودەوڵەتی هەیە. ئەم حکومەتەی لوبنان زیاتر سەرنجی دەخاتە سەر چاکسازی و بنیاتنانەوە، لەبەرئەوەی هەموو کەسێک دەزانێت دوای جەنگەکە ژمارەیەکی زۆر شار و گوند وێران کران و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش ئاوارە بوون."
 
دەشڵێت، ئەمڕۆ چوارشەممە قسەی بۆ رووداو کرد، پێیوایە وڵاتەکەی رێگەیەکی درێژ و کاری قورسی لەپێشە، "بەڵام ئێمە زۆر ئومێدەوارین کە بە یارمەتیی سەرۆکی نوێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانین ئەو دۆخە پڕ ئاڵنگارییە تێپەڕێنین."
 
دوای هەڵگیرسانی شەڕی حەماس - ئیسرائیل لە ئۆکتۆبەری 2023، شەڕ لە نێوان حیزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیلیش سەریهەڵدا، لەبەرئەوەی ئەو حیزبە لوبنانییە پاڵپشتیی لە حەماس دەکرد.
 
وەزیری پێشووی ئابووری و بازرگانی لوبنان ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان "کە ئێمە بە هاوپەیمان و دۆستی لوبنان دایاندەنێین، لەنێویاندا عێراق، سعودیەی عەرەبی، ئیمارات، قەتەر، ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ئەورووپی بەتەواوەتی پاڵپشتی لە لوبنان دەکەن هەستێتەوە سەر پێی خۆی و ببێتەوە ئەو لوبنانی پێشوو، لوبنانە سەرنجڕاکێشەکە".
 
"ئێمە لەماوەی چەند مانگی داهاتوو تیشک دەخەینە سەر بڕیاری 1701 کە یەکێکە لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانمان. هەروەها بەهیواین کە بتوانین پرسەکانی تایبەت بە جەنگ تێپەڕێنین و سوپای ئیسرائیل بەتەواوەتی بکشێتەوە، ئەوکاتەش ئێمە پلانێکی گەورەی ئابووریمان دەبێت، ئەجێندایەکی گەورەی ئابووریمان دەبێت کە زۆر گرنگە."
 
هاوار عەبدولڕەزاق، نێردراوی رووداو لە دوبەی پرسیاری لە وەزیری پێشووی ئابووریی لوبنان کرد: دەمەوێت بزانم زیانی ئابووریی جەنگەکە لەسەر لوبنان چەندە؟ لە وەڵامدا ئەمین سەلام گوتی: "زیانەکان بە نزیکەی 20 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت، بەڵام دوای راگەیاندنی ئاگربەست، ئێمە بەشێوەیەکی مەیدانی هەڵسەنگاندمان کرد و پێموایە کە قەبارەی زیانەکە لەوە زیاترە و لەنێوان 25 بۆ 30 ملیار دۆلار دەبێت. ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنیی ناڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری دەبێت."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە