رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان. وێنە: AFP
رووداو - هەولێر
سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دەوڵەتی فەلەستین لە پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکادا هاوشێوەی پەنیری سویسرییە (پەنیری سویسری جۆرە پەنیرێکی کون کونە و لە فیلم کارتوونی تۆم و جێریدا بەکارهاتووە و زیاتر بەوە دەناسرێتەوە).
مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین ئاماژەی بەوە کرد، نابێت لایەنە نێودەوڵەتییەکان پلانەکەی ترەمپ لە گفتوگۆکاندا وەک سەرچاوە ئاماژە پێبدەن و پلانەکەشی بە "پلانێکی ئیسرائیلی - ئەمریکی بۆ کۆتاییهێنان بە پرسی فەلەستین" ناوبرد.
سەرۆکی دەسەڵاتدارێتیی فەلەستین لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتیشی "پلانەکە پێشێلی یاسای نێودەوڵەتی دەکات". دەنگدان لە دژی رێککەوتنی سەدەی سەرۆکی ئەمریکاش لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دواخراوە.
پێشتر و لە رۆژی 6-12-2017 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئۆرشەلیمی (قودس) وەکو پایتەختی ئیسرائیل ناساند، لە مانگی ئایاری ساڵی 2018شدا بە فەرمی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تێل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم گواسترایەوە' مەحموود عەباس لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ "بەپێی پلانەکەی ترەمپ، قودس چیدیکە لەژێر سەروەریی دەوڵەتی فەلەستیندا نەماوە".
رۆژی 28-1-2020 سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پلانی ئاشتی، ناسراو بە رێککەوتنی سەدەی بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین خستەڕوو و رایگەیاند، ئامانجی لە پرۆژە پێشنیازکراوەکە بەدیهێنانی ئاشتیی راستەقینەیە و گوتیشی "کاتی ئەوە هاتووە جیهانی ئیسلامی جارێکی دیکە هەڵە نەکات و دان بە ئیسرائیلدا بنێت".
بەشێکی پلانی رێککەوتنی سەدە ئابوورییە، سەرۆکی ئەمریکا لەو بارەیەوە گوتی "پێشنیازەکەی ئێمە ملیۆنێک هەلی کار لە فەلەستین دەڕەخسێنێت.. ئەگەر ئەو وڵاتە ئاشتی هەڵبژێرێت، بە بڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە فەلەستین دەکرێت".
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد بۆ راگەیاندنی پلانەکە و بە "باشترین هاوڕێی ئیسرائیل کە تاوەکو ئێستا لە کۆشکی سپی هەیبووبێت" ناوی برد، هاوکات گوتیشی کە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە "دەوڵەتی ئیسرائیل وەک دەوڵەتێکی جوولەکە" بنرێت.
پاش راگەیاندنی نەخشە پێشنیازکراوەکەی سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایی زۆری لەسەر ئاستی جیهان لێکەوتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ