ئەمریکا: پشتگریی هەنگاوی کردەیی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەکەین

10-01-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
نیشانەکردن فەلەستین
A+ A-
رووداو  دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینیی راگەیاند واشنتن پشتگیری لە "هەنگاوی کردەیی" بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەلەستین دەکات.
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رۆژی چوارشەممە 10-1-2024 گەیشتە رامەڵڵا و لەوێ هەڵوێستی نەگۆڕی ئیدارەی بایدنی بۆ مەحموود عەباس "دووپاتکردەوە" بەوەی دەبێت "دەوڵەتێکی فەلەستینی لە تەنیشت دەوڵەتێکی ئیسرائیل هەبێت."
 
سەبارەت بە وردەکاریی کۆبوونەوەی بلینکن و عەباس، ماتیو میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا دەڵێ "پێویستە هەردووکیان (ئیسرائیل و فەلەستین) پێکەوە بە ئاشتیانە و لە ئاسایشدا بژین."
 
ئیسرائیل پێش دەستپێکردنی جەنگی غەززە، دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی لەگەڵ فەلەستینییەکان بۆ پرسی چارەسەری دوو دەوڵەتی بە گرنگ نەبینیوە، بەتایبەتیش لەدوای ئەوەی سەرکردایەتیی فەلەستین لەنێوان کەرتی غەززە و کەرتی رۆژئاوا دابەشبوون و، دەسەڵاتی فەلەستینی، کەرتی رۆژئاوای بەڕێوەبردووە و کەرتی غەززەش لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت. 
 
لەبەرامبەردا، عەباس سەبارەت بە چارەنووسی غەززە بە بلینکنی راگەیاندووە "مەحاڵە پلانێکی داگیرکار قبوڵ بکرێت، کە بەشێک (لە فەلەستین) داببڕێندرێت". 
 
خاڵێک کە بلینکن لەم گەشتەیدا بۆ وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاری لەسەر کردووە؛ رێککەوتنی لایەنە ناکۆکەکانە لەسەر ئاییندەی کەرتی غەززە، سەرەڕای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاندووە جەنگ بۆ چەندین مانگی دیکە درێژەدەکێشێت. 
 
لە کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی نێوان عەباس و بلینکن، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کردووە، گوشارەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر بکەن تاوەکو هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە رابگرێت، کە بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی کەرتەکە، زیاتر لە 23 هەزار فەلەستینی کوژراون.
 
بڕیارە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بلینکن، عەباس سەردانی شاری عەقەبەی ئوردن بکات و لەوێ لەگەڵ هەریەک لە شا عەبدوڵڵا، شای ئوردن و عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر کۆببێتەوە، سەبارەت بە دەستپێکردنی هەوڵێکی نوێ بۆ راگرتنی جەنگی غەززە کە پێی ناوەتە مانگی چوارەمییەوە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بانکی جیهانی: جەنگ زیانی 8 ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاندووە.

بانکی جیهانی دەڵێت نزیکەی 100 هەزار خانوو و شووقە لە لوبنان وێران بوون

باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لەنێوەڕاستی بەیرووت لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە ئامانج. بەگوێرەی بانکی جیهانی، لە ئەنجامی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکە، 99 هەزار و 209 خانوو و شووقە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.